کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە دوای ئەوەیە کە ببێتە ئیسرائیلی دووهەم

12:44 - 22 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە ڕایگەیاند کە وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بە دوای ئەوەیە کە ببێتە ئیسرائیلی دووهەمەوە.

"جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم، شەوی سێشەممە، ٢١ی جۆزەردان، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی میدیایی "تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبی" وتی: "ڕێژیمی ئێران هیچ کات لەگەڵ وڵاتێک کە دەستی داوەتە شەڕی ئابووریی لەگەڵیدا دانوستان ناکات".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاند: "ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سەدان میلیارد دۆلاری بۆ کڕینی کەرەستەی نیزامی خەرج کردووە و هەوڵی ئەوە دەدات، کە ببێتە ئیسرائیلی دووهەمەوە".

ناوبراو هەروەها وتی: "دوو سێ وڵاتی عەرەبی لە ناوچەکەدا هەن، باوەڕیان وایە کە ئاسایشیان تەنیا لە حاڵێکدا سەقامگیر دەبێت، کە لەگەڵ ئامریکادا لە پەیوەندیدا بن، بەڵام لە هەڵەدان".

زەریف لە درێژەدا زیادی کرد: "هیچ کات ئیجازە بە ئامریکا نادەم، کە بە شێوازێکی یەکلایەنە لە دژی ئێمە شەڕ بکات و بەدڵنیاییەوە زەربەی پێ دەگات؛ چونکە شەڕ، شەڕە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، سەرکۆماری ئامریکای بە تێرۆریست ناو برد و وتی: "ئێمە لەگەڵ تێرۆریستەکاندا وتووێژ ناکەین".

ئەم لێدوانانەی "جەواد زەریف" لە کاتێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین پاڵپشتیی تێرۆریزم لە جیهاندایە و سپای تێرۆریستی پاسدارانیش لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهاندایە.

هەروەها ئەم ڕێژیمە، سامانە نەتەوەیییەکانی ئێران بەتاڵان دەبات و مووشەک و کەرەستەی نیزامیی پێ دەکڕێت و خەڵکەکەی لە قەیرانی هەژاری و بێکاریدان، بەڵام ڕەخنە لە ئیمارات دەگرێت کە کەرەستەی نیزامی دەکڕێت و ئەمانە لە حاڵێکدایە، کە وڵاتی ئیمارات ڕۆژبەڕۆژ بەرەو پێشکەوتن دەڕوات و بێکاری لەم وڵاتەدا لە نزمترین ئاستدایە.