کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: ئەگەر و مەترسیی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل زۆرە

12:57 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە ساڵانێکە هەڕەشەی لەنێوبردن لە ئیسرائیل دەکەن، لە ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و ئێران ترسیان لێ نیشتووە.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ ڕێبەندان، لە کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی موونیخ، لە وڵامی پرسیارێک کە ئایا مەترسیی شەڕ لە ناوچەکە لە ئارادایە، وتوویەتی: "بەدڵنیاییەوە کەسانێک بە دوای ئەمەدان".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، جەواد زەریف، لەسەر مەترسیی ڕوودانی شەڕی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل باسی لەوە کردووە: "مەترسیی زۆرە و ئەگەر هەر بەم شێوەی پێشێلکارییەکانی یاسای نێونەتەوەیی درێژەی هەبێت، ئەم مەترسییە زیاتر دەبێت".

نابراو، ئیسرائیلی بە پێشێلکاری یاسای نێونەتەوەیی تۆمەتبار کرد و وتوویەتی: هەڵسوکەوتی ئیسرائیل و ئامریکا خەریکە یاسای نێونەتەوەیی لە بواری قازانجەوە بەدەر دەکات.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەسەر داواکاریی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ ڕاگرتنی بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیم، وتوویەتی: "ئەو کەسانەی کە وەها داواکارییەکیان هەیە ئایا چەکمان پێ دەفرۆشن؟ ئایا کەسێک فڕۆکە شەڕکەرەکانمان پێ دەفرۆشێت بۆ بەرگریی لە خۆمان؟ ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان دەبێت بە شەمشێر لە خۆمان بەرگریی بکەین؟".

ناکۆکییەکانی ڕێژیمی ئێران و وڵاتی ئیسرائیل مێژووییەکی ٤٠ ساڵەی هەیە و لەو کاتەی کە ئەم ڕێژیمە هاتووەتە سەر کار و دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردن لە ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئەم هەڕەشانە هیچ کات بەکردەیی نەکراوە و  تەنانەت لە ساڵی ڕابردووەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠٠ هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ڕێژیم لە سووریەدا، نەیانوێراوە یەک دژکردەوە لە خۆیان پیشان بدەن.