کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سارا تەڵایی: هونەر وشەیەکی جوان و پیرۆزە کە پێناسەی شعوور و پێگەیشتن لە تێگەیشتن دەکات

17:22 - 10 بانەمەڕ 2719

وتووێژ: کاروان مێراوی

هونەر بوارێکی فرە ڕەهەند و بەربڵاوە کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا چێژی لێ وەردەگرن و بە سەرجەم ڕەهەندەکانییەوە، بەو چالاکییە بەرهەمییەکانەی کەسێک یان گرووپێکی دیارکراوە کە بە بیرۆکەیەکی جیاواز لە خەڵکانی ئاسایی و بە هەستێکی ناسک و خەیاڵێکی جوان و جوانکارییەوە تابلۆیەکی پڕنێوەڕۆک و پەیامدار دەخولقێنن، پێناسەیەکی سادە کراوە.

جیا لەوەی کە هونەر لە ڕووی شرۆڤە و شیکارییەوە بە سەر چەند لق و پۆی جیاوازدا دابەش کراوە، لە ڕوانگەی گەورە هونەرمەندان و کەسایەتییە بەرهەمدار و بەتواناکانی بوارە جۆراجۆرەکانی هونەرەوە، پێناسە و شرۆڤەگەلێکی جیاواز، ڕەنگاڵە، ڕەنگاوڕەنگ و بەپێزیان بۆ هونەر کردووە کە هەرکامەیان شیاو و هەڵگری دەیان لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانە و پڕبایەخن.

هونەر یەکێک لە پایەکان و بناغەی کۆمەڵگایە کە دەتوانێن کاریگەرگەلێکی  زۆری لەسەر کۆمەڵگا و ڕوانگەی خەڵکدا بە ڕووی ژیان بە گشتی و هەر چەمێکێک لە ژیاندا هەبێت، جیاو لەوەش هونەر لە کوردستان بە ڕوانگەی جوانیناسانەی هونەرمەندانی کورد و تێکەڵبوونی ڕوانگە و هەست و سۆزی هونەری خۆیان لەگەڵ سروشتی جوان و دیمەنی دڵڕفێنی کوردستان، بەرهەم و بەهرەگەلێکی جوان و جیاواز دەخولێقێنن، هەر بۆیە لەم بارەیەوە، ڕۆژهەڵاتناس و ڕووناکبیرێکی گەورەی ئەرمەنی بە نێوی "ئەبووڤیان"، فەرموویەتی: "لە نێوان هەموو کوردەکاندا تەنانەت پیرەپیاوان و پێرەژنانی نەخوێندەواریش هەست بە بەهرەی شاعێری دەکرێت، بە چەشنێک کە زۆربەیان لە گۆرانی چڕیندا بە توانان و لەوپەڕی سادەییەوە گۆرانی بە سەر دۆڵ و چیا و تاڤگە و ڕووبار و چەک و ئەسب و قارەمانەتی و جوانی خۆیاندا ئەڵێنەوە".

لەم پەیوەندییەدا، وتووێژێکمان لەگەڵ "سارا تەڵایی"، هونەرمەندی شێوەکار، شاعێر، ژەنیاری ئامێر دەف و مامۆستای وانە هونەرییەکان لە زانکۆ "جیهانـ"ـی شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان ــ باشووری، پێکهێناوە کە دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێزی ماڵپەڕی "کوردستان میدیا".

کورتەیەک لە ژیان و چالاکییە هونەرییەکانی خۆت بۆ خوێنەرانی "کوردستان میدیا" باس بفەرموون؟

سارا تەڵایی لەدایکبووی شاری مەهابادی ناوچەی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم و لە نێو خەڵکدا وەک هونەرمەندێکی شێوەکار، شاعێر و ژەنیار ناسراوم و تاکوو ئێستا لە ئێران و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە دەیان کۆڕی شێعر، کۆنسێرت، پێشانگای شێوەکاری، ڤستیواڵ و سیمیناری هونەریدا بەشداریم کردووە.

لە مەهاباد خاوەنی فێرگەیەکی هونەری بووم بە نێوی "ئاموزشگای نەقاشی ژیوار" و هەر لەوێ بە دەیان قوتابیی زانکۆ و فێرخوازانی هونەریم لەو ڕێبازەدا پێگەیاندووە.

ماوەی سێ ساڵە دانیشتووی شاری هەوڵێرم و لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان ماموستای وانە هونەریەکانم و به بەردەوامیش خەریکی خزمەتگوزاری و پێشکەشکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆری هونەرین.

خاوەنی دوو کتێبی هونەریم یەکەمیان بە نێوی "هونەری نەخشاندن" کە لە چاپدراوە و بڵاو کراوەتەوە، ئەوەی تریان بە نێوی "زانستی نەخش و ڕەنگ" کە کتێبێکی زۆر گرینگە و لە ئێستادا لە ژێر چاپدایە بەو زووانە بڵاو دەکرێتەوە.

خاتوو سارا، پێناسەی ئێوە بۆ هونەر چییە، یان بە واتایەکی تر ئێوە چۆن دەڕواننە هونەر؟

هونەر وشەیەکی جوان و پیرۆزە کە پێناسەی شعوور و پێگەیشتن لە تێگەیشتن دەکات. ئەربابی هونەر، هونەروەرە کە بوون لە نەبوون دەتاشێ و ڕێخۆشکەری کردنەوەی فام و بیری مڕۆڤەکانە.

کەسێک دەبێت خاوەنداری ئەو ناوە بکات کە خۆی لە واتا و قووڵایی ناوەڕۆکی هونەردا دەبینێت و بە شێوازێک کە خەڵک هەستی پێبکات.

هونەری هەر بەهرەمەندێک موڵکی هەموو ئەو کەسانەیە کە لێی تێدەگەن و شیدەکەنەوە.

هەڵسەنگاندنی هونەری هەر بەهرەمەندێک بە تابلۆیەک و لە ڕوانگەی بینەرێکەوە دوورە لە لۆژیکی جوانیناسییەوە.

پێوانەی هونەری هەر هونەروەرێک بە پێوەری ڕادەی تێگەیشتنییەتی لە ناخی مرۆڤایەتی و سروشتناسییەوە کە بە پانتایی کادزەکانە.

کە ئەوەش کردار دەیسەلمێنێ نە وتار!

هونەری ڕاستەقینە لە هەر قالبێکدا بێت بەنرخ و جوانە لای خاوەنەکەی، مادام ئەو هەستە هەڵقوڵاوی ڕوحی هونەرمەندە و دوورە لە لاساییکردنەوەی بێ سەر و شوێن!

هونەر زمانی دەربڕینی هەستە نەهێنیەکانی هونەروەرە، هێندێک جار لە چوارچێوەی سەردەم خۆی دەردەخا، هێندێک جار لاپەڕەی میژوو هەڵدەداتەوە و جارناجارێکیش چەرخی کاتژمێر تێپەڕ دەکا و خەیاڵی بەرزەفڕی هونەرمەند و بوون لە نەبوون دەخاتەڕوو.

هونەر کاکڵی حەقیقەتە کە لە تێڕامانی هونەروەر لە کانگای سروشتەوە سەرچاوە دەگرێت و پەرە دەستێنێت.

ئەو هەستەی کە لە ناخی هونەروەر هەڵدەقوڵێت، خستنەڕووی ڕاستیی هەمان جۆری بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی مرۆڤایەتی و باوەڕی مرۆڤناسیی مرۆڤ دۆستانەیە.

هونەر واتای سەربەستی دەگەیەنێت و هونەرمەند بزوێنەری ژین و ژیانە.

کاریگەریی یان کاریگەرییەکانی هونەر لە سەر ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا بە گشتی چییە؟

کاتێک مرۆڤ لە حەقیقەتی بوونی خۆی تێدەگات و هەست بە گەمارۆ و گەرمای ئەو هێزە دەکات کە خولقاندوویەتی و لە ناخیدایە، بێگومان دەرگا داخراوەکانی بیکردنەوەمان دەکرێنەوە و وامان لێدەکات کە بەرەو ئازادی زیاتر هەنگاو بنێین، باوەڕ و متمانە لە مێشکدا ڕیشە دادەکوتێ و وانەی جوانیناسی لە ناخی مرۆڤدا خونچە دەکات.

 بۆ دەربڕینی ئەو جوانییانە، زمانی جەستەمان هەستەکان دەوروژێنن،

ئەوە ئەو کاتەیە کە دەتوانین بڵێین هونەرێکی پێگەیشتوو لە دایک دەبێت کە ئەو هونەرەیە کە بیر کردنەوە و  هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بیر و باوەڕەشە هونەرمەند دەخولقێنێت.

بەڕاستی هونەر ئەگەر هونەر بێت، پەیامهێنەری ئازادی و یەکسانییە.

 ئەوە وادەکات کاریگەریی تەواو بخاتە سەر ژیانی مرۆڤ و کوێرەڕێیەکان لە بەردەم مرۆڤ لابدا و هونەر چرایەک بێت بۆ تێپەربوون لە گومانەکان و پەڕینەوە لە کۆسپ و بەربەستەکان.

بەڕێزتان پێگەی هونەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ژێر سەرەڕۆیی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا چۆن دەبینن؟

دەتوانم بڵێم هونەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆرێکی گەشاوەیە لە ئاسۆی نیشتمان.

بەڵام بە داخێکی گرانەوە لە ماوەی ئەو چل ساڵەی داگیرکاریی دەسەڵاتی ڕێژیمی نەزانی ناتێگەیشتووی ئێرانی ئیسلامیدا بە هەموو شێوازێک پەلاماری هونەر و بزووتنەوەی هونەرمەندان دراوە و لە هەموو سەردەمێک زیاتر هێرشیان کراوەتە سەر، کە زیاتر داوێنی هونەرمەندە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.

بەڵام باڵی هونەر لە ڕۆژهەڵات هێندە بەرفراوانە و بێسنوورە کە نەتەنیا نەیانتوانیوە پێش بە گەشە و دەسکەوتی هونەری هونەروەران بگرن، بەڵکوو  کۆسپ و بەربەستەکان ئەو ڕێگایەیان  بوارتر کردووە بۆ پەڕینەوە و تێکۆشان و خەباتی زیاتری هونەرمەندان لە ڕۆژهەڵات و هەر یەکەی لە شوێنێکدا بە هونەرەکەیان سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بوون کە زیاتر خزمەتی خاک و نیشتمانەکەیان دەکەن.

لە ئێستاشدا هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەموو سەردەمێک هونەرەکەیان خستووەتە خزمەت پێناسەکردنی جوگڕافیا و کلتوور و دابونەریتی خۆیان و هاوشانی هونەرمەندانی هاوچەرخ لە دونیادا لە شۆرشی خۆیان بەردەوامن.

ڕۆڵی هونەر لە شۆڕش بە گشتی و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەتایبەتی، چییە؟

هونەر لە هەموو سەردمێکدا دامەزرێنەی شۆڕشێکی بەهێزی فکری و سیستماتیک بووە کە پەنجەی خستووەتە سەر گەشەی سیاسی و ئابووری و جوڵانەوەی ئەو وەڵاتەی کە تێیدا سەرکوت کراون، یان ئەگەر بەجۆرێک دەسەڵاتێکی پەککەوتوو و دیکتاتۆر چینی هەژارەکەی چەوساندبێتەوە کاریگەریی شۆڕشی هونەرمەندان هەنگاوێک زیاتر لە پێش هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە بووە.

لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، ئەوەی کە دەتوانێت کاریگەری بخولقێنێت بە ئاگاکردنەوەی ڕاستەوخۆی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هونەر و بەرهەمی بەهەرەمەندانە لە هەر قالب و چوارچێوەیەکی فکری و هزری دابێت.

ئەو ڕاستییە لە کەس شاراوە نییە، ترسی هەموو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر لە هونەری هونەرمەندان هەر ئەوە بووە کە بوونەتە هەڵگری چرای سەربەستی بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و یەکسانیخوازی لە نێو خەڵکدا.

هونەرمەندان دەبێت هونەرەکەیان هەڵگری ئەو پەیامە بێت کە حوکمی دیکتاتۆرییەت بەرەو ڕووخان بڕوات و لە ناوبچێت و دەسەڵاتی نوێ بتوانێ دامەزرێنەری پەیڕەو و پڕۆگرامێک بێت بۆ بناغەدانانی ئازادی و دێموکراسی و گڕانەوەی ڕێز و شکۆی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگادا.

بیوگرافی: سارا تەڵایی، هونەرمەندی شێوەکار، شاعێر و ژەنیاری ئامێری دەف، لە ساڵی ۱۳۶۶ی هەتاوی بەرانبەر ۱۹۸۷ی زایینی لە شاری مەهابادی ناوچەی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲۰۱۶ی زایینی، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتووە و لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان ــ باشوور، نیشتەجێ بووە و هەنووکەش لە زانکۆ "جیهانـ"ـی شاری هەولێر مامۆستای وانە هونەرییەکانە.

مامۆستا سارا، لە ماوەی چالاکییە هونەرییەکانی خۆیدا، لە ۶۵ پێشانگای تایبەت و هاوبەش لە باکووری ئێران، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەشداری کردووە، کە ٤۰ پێشانگایان هاوبەش و ۲۵ پێشانگایان تایبەت بە هونەرە ڕەنگینەکانی خۆی بووە و لە پیشانگا تایبەتەکانیشدا، ۱۲ پیشانگایان لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕابروودا و لە باشووری کوردستان کردووەتەوە.