کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد

18:31 - 22 گەلاوێژ 2720

بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

بەڕێز/ سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی بەڕێزتان لە پێوەندی بە یادی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئێمە گەیشت، بەم بۆنەوە پیرۆزباییەکی گەرم بە ئێوە و سەرجەم ئەندامانی حیزبەکەتان ڕادەگەیەنین و هومێدوارین لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی بە ئیرادە و هێزێکی زیاترەوە ڕوو بە پێشەوە بەردەوام بن.

بێگومان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانی ئێرانە کە کاریگەریی لەسەر جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلەکەمان و شۆڕش لە بەرانبەر ڕێژیمی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار لە ئێراندا هەیە؛ هەر بۆیە پێویستە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا کە ڕووخانی حکوومەتی ئاخوندەکان نزیکە، بناغەی هاوکاری و یەکدەنگیی نێوان هێزە ڕەسەنەکانی گۆڕەپانی جووڵانەوەی مافخوازانەی کوردستان لەسەر بنەمای نەخێر بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهـ داڕێژین و هەموو پێکەوە کار بۆ قۆناغە جۆراوجۆرەکان و یەک لەوان کار بۆ پرۆژە و پلاتفۆڕمی هاوبەش لەنێو جووڵانەوەی مافخوازانەی کوردستانی ئێران بکەین.

بەڕێزان!

لە کاتێکدا یادی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز ڕادەگرن کە جیهان و ناوچەکە و ئێران بە هەلومەرجێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەموو نیشانە و دەرکەوتەکان باس لە ئاڵوگۆڕی قووڵ و بنەڕەتی و نەمانی یەکجاریی ڕێژیمی ئاخوندی دەکەن و ئەو هەلومەرجەش، زەروورەتی خۆتەیارکردن بۆ پێشوازی لە هەر ئەگەرێکمان بیر دەخاتەوە.

بە بڕوای ئێمە کۆبوونەوە لە دەوری گووتاری ڕووخان و هەنگاونانی کردەیی بۆ ئەو ئامانجە و یەکێتی و برایەتیی ناو جووڵانەوەکە و هەروەها لە خەبات بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی دیکاتۆر لە ئێران لە پێشترینی ئەرکەکانمانە و پێویستە دروستکردنی بەرەیەکی هەمەلایەنە لەو چوارچێوەدا بخرێتە دەستووری کارمانەوە.

بەڕێزان!

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران باوەڕی وایە، دووبارەنەبوونەوەی ڕووداوە تاڵەکەنی ڕابردوو و خولقاندنی هەلومەرجی شیاو لەپێناو ئازادی و بەختەوەریی گەلی کورد و ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی، حوکممان پێ دەکات ڕێگەی تەبایی و یەکدەنگی، باشترین و چارەسازترین بژاردەیە.

جارێکی تر پیرۆزبایی یادی دامەزراندنتان پێشکەش دەکەین و ئومێد دەکەین بە زووترین کات داری ئازادی بەر بگرێت و بە ئازادبوونی کوردستان و ڕووخانی حکوومەتی ستەمگەری ئاخوندەکان، شاهیدی بونیادنانی دەسەڵاتێکی خەڵکی و دێموکراتیک کە مافی هەموو توێژێک تێیدا پارێزراو بێت، بین.

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

٢٠٢٠/٨/١١