کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سازمانی سەنجشی ڕێژیم یاری بە گیانی خەڵک دەکات

18:00 - 1 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانێک کە پلەی کونکوورەکەیان سەرووتر لە ١٠٠ هەزار بووە، ئێستا لە ڕێگەی سەهمییەوە لە زانکۆ دەوڵەتییەکانی ئێراندا، لە ڕشتەی پزیشکیدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

بڵاوبوونەوەی وێنەی کارنامەکان و دزەکردنی کۆمەڵێک زانیاری سەبارەت بە گەندەڵییەکانی "سازمانی سەنجش"، نیشان دەدەن کە کۆمەڵێک لە وەرگیراوانی ئەمساڵی زانکۆکانی ئێران لە ڕشتەی پزیشکیدا کەسانێکن کە پلەی کونکوورەکەیان سەرووتر لە ١٠٠ هەزار بووە و بە سەهمییە لەو ڕشتەیەدا وەرگیراون.

یەکێک لەو خاڵانەی کە لە کارنامەکاندا دیارە ئەوەیە کەسانێک کە بەبێ سەهمییە لە ڕشتەی پزیشکیدا وەردەگیرێن، کۆنمرەی تەواویان لە نێوان ١٠ هەتا ١٢ هەزرادایە، بەڵام کۆنمرەی ئەوانەی کە بە سەهمییەوە وەرگیراون، ٦٨٠٠ـە، واتە تەنیا ٦٠ لەسەدی نمرەی ئاخرین وەرگیراوانی زانکۆکانی خۆیان وەرگرتووە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە خوازیارانی پزیشکی دەبێ لانیکەم ٨٠ لەسەدی نمرەی ئاخرین وەرگیراوی زانکۆکەی خۆیان وەرگرن.

گەندەڵییەکانی سازمانی سەنجشی ڕێژیمی ئێران و لەبەرچاوگرتنی سەهمییە بۆ کەسانێک کە هیچ شتێک لە وانەکانیان فێر نابن، یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی زۆربوونەوەی هەڵە پزیشکییەکان و مردنی هاووڵاتییان بە ئەژمار دێت.

ئەو کەسانەی کە بە سەهمییەوە دەچنە زانکۆ و لە ڕشتەگەلێکی قورس وەکوو پزیشکیدا دەخوێنن، لە زانکۆدا هیچ شتێک فێر نابن و ڕێگا بۆ کەسانێکیش تەنگ دەکەن کە بە ماندووبوونی خۆیان توانیویانە پلەی دوو و سێ ڕەقەمییەکانی کونکوور بەدەست بێنن.