کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سالار مەحموود: دوکتور قاسملوو هەر گۆڕغەریبە، گەرچی لەنێو دڵی پاریسیشدا نێژرابێت

18:24 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری سەرکۆماریی عێراق، لە نووسراوەیەکدا باسی لە کەسایەتیی د. قاسملوو کردووە و سەبارەت بە گەڕانەوەی تەرمی دوکتور قاسملوو وتوویەتی کە حەتمییەتی مێژووە و بە دڵنیاییەوە هەر دێتەوە.

"سالار مەحموود"، ڕاوێژکاری دوکتور "بەرهەم ساڵح"، سەرکۆماری وڵاتی عێراق، سەبارەت بە دوکتور قاسملوو و چوونە سەر مەزاری ڕێبەری گەلی کورد لە گۆڕستانی پێرلاشێز، نووسیویەتی: "وێنە ناسراوەکەی کە لەسەر کێلی سەرووی قەبرەکەیەوە نەخشێنراوە، هەر لە دوورەوە خورپەی گەیاندە دڵ و سەرنجمی ڕادەکێشا. پیاوێکی کەڵەگەتی خاکیپۆشی پشتوێن توندی جامانە لەسەر، هەر دوو دەستی ئاڵاندووە بە سینگیدا و بزەیەکی کردووە. لە کێلی خوارووی گۆڕەکەدا بەکوردی نوسراوە، کە من مردم، کورد نامرێ."

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "دوای تێڕامانێکی زۆر و بێدەنگییەکی قوڵ لەسەر گۆڕەکەی، بە دەوروبەردا چاوێکم گێڕا و کەوتمە بیرکردنەوەوە، کورد چ قەدەرێکی هەیە لە مێژوودا؟! دوای نزیکەی سی ساڵ لە تێرۆرکردنی، هێشتا نە نەتەوە و نیشتمانەکەی ئازادە، نە تاوانبارانی تێرۆرکردنی سزای خۆیان وەرگرت. نە ئەو زامە ساڕێژ بووە، غەدری شەهیدکردنەکەشی لەنێوخۆدا نە بووە مایەی یەکڕیزی و پارێزگاریکردنی زیاتر لە پەیام و کردە دیپلۆماسییەکانی ئەو ڕێبەرە".

ناوبراو لەم نووسراوەیەدا بە باسکردن لەوەی کە دوای سی ساڵ لە تێرۆرکردنی هێشتا نە نەتەوە و نیشتمانەکەی ئازادە، نە تاوانبارانی تێرۆرکردنی سزای خۆیان وەرگرتووە و نە ئەو زامە ساڕێژ بووە، ئاماژەی بە قسەکانی یەکێک لە هاوڕێکانی د. قاسملوو کردووە کە وتوویەتی: "قاسملوو ڕێبەرێکی دیپلۆماتکاری دەگمەنی کورد بووە، چەندین زمانی بیانیی زانیوە و بڕواهێنەرێکی کاریگەر بووە لە وتووێژە سیاسییەکانیدا. تۆڕێکی گرینگی پەیوەندیی لە ئووروپا دروست کردبوو. خاوەن کەسایەتییەکی زۆر سادە و خاکی بووە، ئەوەش هێزی پێ دەبەخشی."

"سالار مەحموود"، کتێبی "کوردستان  و کورد"، لە نووسینی دوکتور قاسملووی بە دەرخەرێکی باشی توانایی ڕەوتی ژیانی ئەو ڕێبەرە ناو بردووە و "مام جەلال" و دوکتور قاسملووی لە گرنگترین سەرکردە دیپپلۆماتکارە کوردەکان ناو بردووە کە زۆر شارەزاییان لە کاری دیپلۆماسیدا هەبووە.

"سالار مەحموود" هەروەها ئاماژەی بە شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو لە ڤییەن و نێژرانی لە پاریس و هەروەها تێرۆرکرانی دوکتور "شەرەفکەندی" لە بێرلین کردووە و نووسیویەتی: "پێتەختەکانی ئورووپای بەناو مافی مرۆڤ پڕن لە چیرۆکی تاوان، سەر زەمین پڕە لە تاوان دەرهەق بە کورد و کورد خۆشی پڕە لە غەدر لەخۆکردن! پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئاخۆ کەی قاسملوو دەگەڕێنرێتەوە زێدی خۆی؟ بە چ چەشنێک؟ حەتمییەتی مێژووە بەدڵنییاییەوە هەر دێتەوە. دوکتور قاسملوو هەر گۆڕغەریبە، گەرچی لەنێو دڵی پاریسیشدا نێژرابێت".