کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سامان و داهاتی خەڵکی برسیی ئێران لە لایەن بەرپرسەکانی ڕێژیمەوە تاڵان دەکرێت

10:32 - 23 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دیسان دۆسییەیەکی گەندەڵیی ماڵی و دزی لە ئێران ئاشکرا کرا، کە دزی یەکەمی ئەم دۆسییە، کوڕی یەکێک لە پارێزگارەکانی سەردەمی مەحموود ئەحمەدی‌نژادە.

بەپێی هەواڵدەریی ئیرنای سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕەشەمە، دۆسییەیەکی دیکەی گەندەڵیی ماڵی درایە بەناو دادگاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە تاوانباری یەکەمی ئەم دۆسییەیە، ئەمیرحوسێن ئازاد، کوڕی عەلیمحەممەد ئازاد، پارێزگاری پێشووی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، هەمەدان و ئیلام لە سەردەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژادە.

لەم دۆسییەدا کە باس لە دزین و تاڵانکردنی ١٤ هەزار میلیارد تمەن کراوە، جیا لە تاوانباری یەکەم، سێ کەسی دیکە، بە ناوەکانی: حەسەن قەریانی، محەممەد بەهرامی و ئەحسان حەیدەری وەکوو تاوانبارانی دیکەی ئەم دۆسییەیە ناسراون و تاوانەکانیان لە لایەن دادگاوە بە "فەساد لەسەر زەوی، لە ڕێگای ئاڵۆزکردنی بەرینی سیستمی ئابووری بە شارەزابوون لە کاریگەریبوونی کارەکەیان" ناودێر کراوە.

ئەم چەند کەسە بەوە تاوانبار کراون، کە بە دامەزرانی دوو دامەزراوەی ماڵیی بە ناوەکانی "ئەلبورز" و "وەلی عەسر" لە ٩١ هەزار کەس پارەیان وەکوو پاشکەوت کۆ کردووەتەوە، کە لە ڕێگای ئەم کارانەیان دامەزراوەی ئەلبورز لە ساڵی ٩١ هەتا ٩٦ نزیک بە ٤٦ هەزار میلیارد تمەن و دامەزراوەی وەلی عەسریش لە ساڵی ١٣٩٤ هەتا ٩٦ نزیک بە ١٧ هەزار میلیارد تمەن پارە و داراییان جێبەجێ کردووە.

لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیرنا باسی لەوە کردووە، کە نزیک بە ١٤ هەزار میلیارد تمەن لە پاشکەوتەکانی خەڵک لە لای دامەزراوەی ئەلبورز و نزیک بە ٢٥٩ میلیارد تمەن لە لای دامەزراوەی وەلی عەسر هێشتا بە خەڵک نەدراونەتەوە.

ئەگەرچی پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان لە لایەن ئامریکاوە، بەرپرسانی ڕێژیم بە شانۆگەریی وا پیشان دەدەن، کە لە بیری بنبڕکردنی گەندەڵییە ماڵییەکانن، بەڵام خاڵی جێی پرسیار و سەرسووڕمان ئەمەیە کە لە حاڵێکدا بەرپرسانی ڕێژیم ئەم ئیدعایە دەکەن، هەموو ئەم گەندەڵییانە لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە.