کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ ساڵ بیکیفایەتی لە ئاست دروستکردنی پاڵاوگەی ئاوی دیواندەرە

18:51 - 1 پووشپەڕ 2720

شاری دیواندەرە پاڵاوگەی ئاوی نییە و ڕێژیم پرۆژەیەکی بۆ دروستکردنی پاڵاوگە لە ٥ ساڵ پێشەوە دەست پێکردووە کە هەتا ئێستاش بە نیوەچڵی ماوەتەوە.

شاری "دیواندەرە" سەر بە پارێزگای سنە تەنیا شارێکە کە پاڵاوگەی ئاوی نییە و ئەمە بووەتە هۆی کێشە بۆ خەڵکی ئەو شارە و ڕێژیمیش ئەو بابەتەی خستووەتە پشت گوێ و گرینگییەک بە دۆخی ئەو خەڵکە نادات.

ئەو پاڵاوگەیە بڕیار بووە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٨ کۆتایی پێ بێت، بەڵام هەتاکوو ئیستاش بەهۆی گەندەڵیی بەرپرسانی ئەو پرۆژەیە و بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارەدا ئەو پاڵاوگەیە دروست نەکراوە.

شاری دیواندەرە لە ڕووی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدەوە لەو شارانەیە کە ئامارێکی باڵای هەیە و وێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی، "کۆلۆر"ی بەجێماو بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ ماددە ناکانزاییەکانی دیکە کە لە ئاودا بوونیان هەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی مادەگەلێک وەکوو "تری هالۆمێتانەکان" کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە.

بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارەدا بەڵێنییان دابوو کە هەتا کۆتایی ساڵی ٩٨ ئەو پرۆژەیە کۆتایی پێ بێت بەڵام هیچ کارێک لە بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە دیار نییە.