کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤١ ساڵ بەسەر بڕیارێکی مێژوویی حیزبی دێموکراتدا تێپەڕی

19:28 - 12 خاکەلێوه 2720

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٤١ ساڵ لەمەوپێش لە بڕیارێکی میژووییدا ڕیفراندۆمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بایکۆت کرد و ''نا''یەکی قورسی بە ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئێرانی وت.

پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو کە هیچ باوەڕێکی بە مافی گەلانی دیکەی ئێران نەبوو، لە هەوڵی دامەزاراندنی دیکتاتۆریی مەزهەبی لەو وڵاتەدا بوو.

 لە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ٥٨دا، ڕێژیم بە ڕێکخستنی ڕێفراندۆمێک لە هەوڵی ئەوەدا بوو ڕەوایی خۆی بۆ دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی لە خەڵک وەربگرێت.

لەو کاتەدا هەیئەتێکی هەشت کەسی بە سەرپەرەستیی دوکتور ''قاسملوو'' لە هەمبەر بەشداری لە ڕێفراندۆم پێک هات؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە هەوڵ و مەبەستەکانی ڕێژیم ئاگادار بوو، لە بەیانییەیەکدا لە ڕۆژی ٩ی خاکەڵیوەی ساڵی ٥٨ی هەتاوی، بڕیاری دا کە  له‌ ڕیفراندۆمی ڕێژیم بۆ دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی به‌شداری نەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نادێموکراتیکبوونی ئەم ڕیفراندۆمە و هەروەها ناڕوونی لە ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە هەمبەر دابینکردنی دێموکراسی و دان پێدانان بە مافەکەنی گەلانی ئێران، ئەم ڕیفراندۆمەی بایکۆت کرد.