کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٣ ساڵ بەسەر کۆچی دواییی مامۆستا "هێمنـ"ـدا تێدەپەڕێت

12:24 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ٣٣ ساڵ پێش، لەوەها ڕۆژێکدا، مامۆستا هێمن، شاعێر و نوووسەری شۆڕشگێڕی کورد، ماڵاوایی لە دنیای هونەر و ئەدەبی جوانی و بەرگریی کورد کرد.

"هێمن"، نازناوی شاعێر و نووسەر و شۆڕشگێڕی گەورەی کورد، سەید محەممەدئەمین، کوڕێ سەید حەسەن شێخولئیسلامیی موکرییه، کە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی، لە گوندی لاچین، لە نزیک شاری مەهاباد، لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا چاوی بە دنیا هەڵێناوە و هەر لە زێدی خۆی وەکوو شاعێرێکی نیشتمانی گەشەی کرد و هەستی نەتەوەیی وای لێ کرد، کە لەگەڵ دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف بوو بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە.

مامۆستا "هێمن"، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا، دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە، وەکوو لاوێکی وشیار، لە وێژەی کوردی و فارسیدا، شارەزاییەکی باشی بەدەست هێنا و لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوییەوە دەستی بە هۆنینەوەی شێعر کردووە.

هاوکات لەگەڵ دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف بووەتە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، پاشان دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی شێعر و وتاری نەتەوەیی و لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی پێشەوای مەزن و هاوڕێیانی، لەو بۆنە پیرۆزەشدا شێعری خوێندەوە و پاش شەهیدبوونی قازی ڕووی لە باشووری کوردستان کرد.

ھێمن لەو کەسانە بوو، کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیریی خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕشد‌ا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و ڕێگای پاشەڕۆژی بۆ ڕووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە "سروە"ی ڕەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ئەم شاعێرە کوردە دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی ھەتاویدا بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ‌ کردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق‌سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.

ئەم مامۆستا بلیمەتەی کورد، لە ماوەی ژیانی خۆیدا چەندین بەرهەمی بەنرخی وەکوو: دیوانی هێمن، بارگەی یاران، پاشەڕۆک، تاریک و ڕوون، ناڵەی جودایی، قەڵای دمدم، چەپکێ گوڵ چەپکێ نێرگز، ئەفسانە کوردییەکان (لە نووسینی قەنات کوردۆ هێمن کردوویەتە فارسی)، توحفەی موزەفەرییەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.