کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیمپراتۆری شێعردا تێدەپەڕێت

12:40 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئەمڕۆ ٥ ساڵ بەسەر کۆچی داویی شاعێری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسدا تێدەپەڕێت.

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ، ٥ ساڵ بەسەر ماڵاواییی یەکجاریی شاعێری گەورەی کورد، "شێرکۆ بێکەس" ناسراو بە ئیمپراتۆری شێعر تێدەپەڕێت.

شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعێری ناودار فایەق بێکەس، ڕۆژی ٢ی مەی ساڵی ١٩٤٠، لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە، یەکەمین بەرهەمی هۆنراوەی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاو کردووەتەوە و ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین بەرهەمی شێعری خۆی لەژێر ناوی "تریفەی هەڵبەست" لە بەغداد چاپ و بڵاو کردووەتەوە، هەروەها لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعێرانی بەناوبانگی کوردی ئەو سەردەمەدا لە ڕاستای نوێکردنەوە و گۆڕانکاریی لە شێعری کوردیدا کۆمەڵی ڕوانگەیان دامەزراند.

شێرکۆ لە ماوەی تەمەنی شێعریی خۆیدا چەندین خەڵاتی گەورەی پێ بەخشراوە لەوانە: خەڵاتی تۆخۆڵسکی لە وڵاتی سوید و خەڵاتی پیرەمێرد لە سلێمانی بوون.

ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە تا کۆتایی تەمەنی وەک ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کانادا بووە.

هەروەها لە ساڵی ١٩٩٨، دەزگای چاپی سەردەمی دامەزراند. لە ساڵی ٢٠٠٩شدا تەواوی بەرهەمەکانی خۆی لە کتێبێکی ٨ هەزار لاپەڕەیدا لە چاپ دا.

شێرکۆ بێکەس کە بە ئیمپراتۆری شێعر ناو دەبرێت، لە نووسینی شێعر لە بوارەکانی: "ژن، ئازادی، نیشتمان، ژیان و مەرگ و ئیرۆتیکدا دەستێکی باڵای هەبووە.

شێرکۆ شاعێری زمانحاڵی نەتەوەکەی بووە و بەردەوام شێعری بۆ کارەسات و ڕووداوەکانی کە بەسەر کورددا هاتووە نووسیوە، لەوانە: گۆڕستانی چراکان؛ کە ڕۆمانە شێعرێکە و کارەساتی ئەنفال بە زمانی شێعر دەگێڕێتەوە، "قاسملوو تاڤگه‌یه‌ك له‌ گوڵاڵه ‌و دڵێ‌ له‌ په‌موو، کەشکۆڵی پێشمەرگە، دەربەندی پەپوولە، داستانی هەڵۆی سوور و بە دەیان بەرهەمی دیکە بووە.

شێرکۆ لە ڕێکەوتی ٤ی ئاگۆستی ٢٠١٣، کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە پارکی ئازادی بەخاک ئەسپێردرا.