کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٢ ساڵ بەسەر کیمیابارانی سەردەشتدا تێدەپەڕێت

11:39 - 7 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ٣٢ ساڵ لەمەوبەر، ڕێژیمی ڕووخاوی بەعسی عێراق، شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کیمیاباران کرد.

لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا و لە کاتی شەڕی نێوان ڕێژیمەکانی ئێران و عێراقدا، ڕێژیمی بەعسی لەنێوچووی عێراق، شاری سەردەشتی بە چەکی کیمیایی بومباران کرد.

بەپێی ئامارەکان، لەم کیمیابارانکردنەدا کە کاتژمێر ٤:١٥ خولەکی ئێوارە ڕووی دا، ١١٤ کەس شەهید کران و ٨٠٠٠ کەسی تریش ژەهراوی بوون.

چەکی کیمیایی، بە یەکێک لەو چەکە کۆمەڵکوژ و ژەهراوییانە دێتە ئەژمار کە کاریگەریی درێژخایەن لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت. سەرەڕای ئەو زیانانەی کە بە ژینگە و باری ئابووری و فەرهەنگی دەگەیەنێت، کەسانی بەرکەوتوو بەم چەکە کوشەندەیە، تووشی چەند نەخۆشییەکی درێژخایەنی وەک: نەخۆشییە پێستییەکان و کێشەی هەناسکێشان دەبن.

لە دوای تێپەڕینی سێ دەیە بەسەر کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت، کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کیمیابارانە شەڕی نێوان ڕێژیمەکانی ئێران و عێراق بووە، هێشتا، بریندارانی ئەم کیمیابارانە، وەک پێویست لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و پەروەندەی تەندروستییان بۆ دروست نەکراوە. لە کۆی ٨٠٠٠ برینداری ئەم کیمیابارانە، نزیکەی تەنیا ٢٥٠٠ کەسیان پەروەندەی دەرمانییان بۆ دروست کراوە.

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لە ڕێکەوتی ١٧ی ژووئەنی ساڵی ١٩٢٥ی زایینییەوە، بەپێی ڕێککەوتننامەیەک کە بە ڕێککەوتننامەی "ژنێف" ناسراوە، قەدەغە کراوە.