کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٢ ساڵ تاریکی

16:33 - 23 رێبەندان 2720

ڕەحمان سەلیمی

لە ئەنجامی ئەو ستەم و زۆرداریانەی لە هەموو بوارکانی  سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ناسیۆنالیستیی مەزنخوازی و هەڵاواردن بەتایبەتی بەرامبەر بە گەلانی ستەملێکراوی ئێران، لەلایەن محەممەدڕەزا شا پەهڵەوی دەکرا، بەستێنی بێزاری و توڕەیی و لە ئاکامدا خرۆشانی گەلانی ئێرانی خۆش کردبوو. هەر بۆیە خەڵکانی ئێران بە سەرجەم پێکهاتە و چین و توێژەكانیەوە بە هاوكاری و ڕێكخستنی لایەنە سیاسییە نەتەوەیی و ئاینییەكانی گەلانی ئێران بە گشتی و كورد بە تایبەتی بۆ ڕزگاربوون لەو ستەم و زۆرداریانە و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان  دژی شا و ڕێژیمەکەی ڕاپەرین و لە ئاکامدا لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٥٧  ڕێژیمی پاشایەتیان تێک ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتداریی بنەماڵەی پەهلەوی هێنا.

شای ئێران سەڕەڕای ئەوەی کە هێندێک بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەشە پێدا بەڵام بەهۆی ئەوەیکە نەیتوانی داخوازەکانی خەڵک لەکاتی خۆیدا وڵام داتەوە و دەنگی شۆڕشی خەڵکی زۆر دره‌نگ بیست، ئیتر نەیتوانی پێش بە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی بگرێت.

هەر چەندە شۆڕشی گەلانی ئێران شۆڕشێکی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازانە بوو بەڵام ئاخوندەکان بە ڕێبەریی خومەینی ئەو بارودۆخەیان بەدەرفەت زانی و دەستیان بەسەر شوڕشەدا گرت و ناوی شۆڕشی ئیسلامیان لێنا و بەو شێوەیە حوکمرانی سیستەمی ئاخوندیی لە ژێر پەردەی ئیسلامدا دەستی بەسەر چارەنووسی گەلانی ئێراندا گرت.

گەلانی ئێران بە ئێرادەیەکی شوڕشگێرییەوە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان توانییان بەسەر زوڵم و زۆرداری سیستمی پاشایەتیدا سەرکەون، بەڵام ئاخوندەکان ئەو شۆڕشەیان لە خەڵک دزی و بەلاڕێیاندا برد و لە ئاکامدا ئامانجەكانی شۆڕش ژێر پێ‌ خران و جگە لە نەهامەتی هیچ شتێكی بۆ خەڵكی ئازادیخواز لێ شین نەبوو. تاریکپەرەستانی جەماران بە ڕێبەریی ''خومەینی'' سواری شەپۆلی هەستی جەماوەربوون  و بەرنامەکانی خۆیان بە شێوەی سیستماتیک و پلانداڕێژراو جێگیر کرد و ڕێرەوی ویست و بەرژەوەندییە  تایبەتیەكانی خۆیان، بە پەیڕەوكردنی سیستەمێكی تاکڕەوی لە بڕیار و هەڵوێستەكانی و بە قۆستنەوەی شڵەژاوی خەڵک و ڕاوەستانی جومگە سەرەكیەكانی ژیان و لە هەمانكاتدا بە بیانووی شەڕی نێوان عێراق و ئێران و دورخستنەوە و تێرۆری نەیارانیان لە دەرەوە و نێوخۆی ئێراندا و ڕێكخستنەوەی دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكان بە مەبەستی سەركوت و كپكردنی دەنگی ناڕەزایەتی و بیری جیاواز جێ پێی خۆیان قایم کرد و دەستیان بەسەر ئێران و سەرچاوەکانی ئەو وڵاتەدا گرت.

نزیک دوو مانگ دوای شۆڕشی گەڵانی ئێران ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئێران لە ئەنجامی ڕێفراندۆمێکی نادیموکراتێکدا ڕایگه‌یاند کە ٩٨ لەسەدی خه‌ڵكی ئێران ده‌نگیان به‌ كۆماری ئیسلامی ئێران داوه‌. لەحاڵێکدا ئەو ڕێفراندۆمە لە کاتێکی نەگونجاو و هەلومەرجێکی نادێموکراتیکدا بەڕێوە چوو و ڕێژیم کە لە هەموو میکانیزم و گوشارێک بۆ ترازاندنی ڕێفراندۆم لە ڕێڕەوی دێموکراسی کەڵکی وەرگرتبوو و ڕێگەی نەدا دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک لە سندووقەکان بێتە دەرەوە.

خەڵكی تێکۆشەر و ڕزگاریخوازی كوردستان کە بە دانی نرخێکی زۆر بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو بەشداریی شۆرشیان كرد و ڕۆڵی سەرەكییان لە ڕووخانی شادا هەبوو، بەڵام دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی جیاوازتر لە نەتەوەكانی دیكەی ئێران مامەڵەی لەگەڵ كرا و دەسەڵاتبەدەستانی نوێ نەک هەر ئامادە نەبوون سەرەتاییترین ماف بۆ گەلانی بندەست لە ئێراندا بسەلمێنن، بەڵکوو دوای چەند جار وتووێژ لەنێوان کوردستان و حکوومەتدا نوێنەرانی كورد و شەخسی دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسملوو'' هەر زوو ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژێمیان بۆ دەركەوت و بەشدارییان لە ڕێفراندۆم نەكرد و هەروەها بەردەوام پێداگریان لە سەر ماف و داوا ڕەواكانی گەڵی کورد دەكردەوە كە ئەمانە بۆ خودی خومەینی و ڕێژێمی ئاخوندیی ئێران جێی قەبوول نەبوو، هەر بۆیە كەوتە سەركوت و چەوسانەوەی خەڵک و هەروەها سەپاندنی شەڕ بەسەر كوردستاندا و گەورەترین جینایەتەکانی وەکوو کوشتاری بە کۆمەڵ و تێرۆر و زیندانی و ئێعدامی بەسەر گەڵی ئازادیخوازی کورددا ئەنجام دا کە ئێستاش هەر درێژەی هەیە و لە دوایین نموونەدا ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بە وەگەڕخستنی شەپۆلێکی نوێی گەرتن و ڕاوه‌دونانی خەڵک زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هاوڵاتیانی کوردی دەسبەسەر کردووە.

گەلی کورد کە لە ماوەی ٤٢ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شیوازێک سەرکوت دەکرێت، بەڵام هیچ کات ئەم زۆڵم و زۆردارییە و داسەپاندنی سیستمی پۆلیسی و ... نەبووەتە هۆی  سارد كردنەوە و وازهێنان لە ئامانجە پیرۆزەکەیان، بەڵكوو زیاتر لە جاران لە سەنگەری شاخ و شار دا بۆ بەدەست هێنانی مافەڕەواكانی خۆی  و ڕووخانی ڕێژێمی ئاخوندی خەبات و تێکۆشانی خۆی درێژە پێی دەدات.

ئێستا دوای تێپه‌ڕێنی ٤٢ ساڵ، ڕێژیمی دیکتاتۆر و دژە مرۆڤی ئاخوندەکان ئێران، ئەوەی کە لە هەموو بوارەکاندا زەق و بەرچاوە، ئەو ڕێژیمە لە سیاسەتی نێوخۆ و پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، ئابووری و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان تووشی بن بەست بووە و دۆش داماوە. ئێستا ئەو ڕێژیمە هیچ شه‌رعییه‌تێکی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی نه‌ماوه ‌و لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جێهان وەک ‌تاوانبارێک لە پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و سه‌رچاوه‌ی هەڵگیرساندنی شه‌ڕ و پشتیوانی  له‌ گرووپه‌ توندڕەو و تێرۆریستییه‌کان ناسراوە و کە هەڕ ڕۆژە کۆڵەکەکانی مانی زیاتر لە جاران و لەزرە دەکەوێت و لە ڕووخان نزیکتر دەبێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.