کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ ساڵ تێکۆشان ڕێزی لێ دەگیرێت

18:03 - 26 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا، ٢٠ ساڵ تێکۆشانی بێبڕانەوەی پێشمەرگە وەک هێمایەک بۆ ئەمەگداری بەرانبەر بە تێکۆشانی پێشمەرگە ڕێزی لێ دەگیردرێت.

٢٦ی سەرماوەزی هەموو ساڵێک کە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانە، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا کە بۆ ڕێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی بێ پسانەوەی پێشمەرگە دەگیرێت، ئەو پێشمەرگانەی کە تەمەنی پڕ لە سەربەرزیی پێشمەرگایەتییان دەگاتە ٢٠ ساڵ، وەک ڕێزێک بۆ خەبات و تێکۆشانی ٢٠ ساڵەیان خەڵات دەکرێن.

ئەمساڵیش وەک نەریتی هەموو ساڵێک و لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەزدا، ڕێز لە تێکۆشان و قارەمانیەتیی ١٢ کەس لەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستانە گیرا و لەوحی٢٠ ساڵەیان پێ بەخشرا.

ئەو پێشمەرگانە بریتی بوون لە: "لەیلا خزری، ڕەسووڵ قۆرغی، فەرەیدوون عەزیمی، جاوید ئەسغەری، هیوا میرزایی، کەیۆمەرس ئەکبەری، لوقمان عەبدوڵڵازادە، ئەحمەد سلێمانی، موزەفەر پێشڕەو، ئەسعەد باریکە، ئیسماعیل مەعرووفی و فازڵ ڕەزایی".

"لەیلا خزری"، پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری بەردەوامیی ٢٠ ساڵەی لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا دەڵێت: "شانازی دەکەم وەک ژنە پێشمەرگەیەک ئەو خەڵاتەم وەرگرتووە و توانیومە سەرەڕای کەند و کۆسپەکانی بەردەم ڕێگا، شان بە شانی پیاوان بەردەوام بم لە خەبات و تێکۆشان".

هەرچەند کە خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگە ساڵ و ڕێکەوت ناناسێت، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمەگدارە بەرانبەر بە لەخۆبردوویی پێشمەرگە و لەو ڕێگایەوە سپاسی گیانبازییان دەکات.

هەروەها ڕوانگەی پێشمەرگەیەکی ٢٠ ساڵەمان سەبارەت بە پێناسەی پێشمەرگە، لە "لوقمان عەبدوڵڵازادە" یەکێکی تر لەو پێشمەرگە ٢٠ ساڵانە پرسی و ناوبراو وتی: "باشترین و کورت و پڕپێستترین پێناسە بۆ پێشمەرگە، هەمان پێناسەیە کە پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە، چون ئەگەر پێشمەرگە نەبێت گەل باڵی بەهێزی نابێت و خەبات لەنگ دەبێت".

پێشمەرگە وەک تاکێکی گیانفیدا سەرەڕای هەبوونی سەغڵەتی و ناخۆشییەکانی بەردەم ڕێگا، بۆ وەدیهێنانی ئامانجێکی میللی دێموکراتیک ژیان و ماڵی پێشکەش بە شۆڕش دەکات و ئەمە میراتێکە کە لە ڕێبەرانی شۆڕشەوە بۆی بەجێ ماوە.