کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۷٥ ساڵ خەبات

13:59 - 19 گەلاوێژ 2720

سۆران شەمسی

٧٥ ساڵ لەمەو پێش، لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی چەخماخەیەک لە وڵاتی کوردان لێدرا کە تاکوو هەنووکەش بۆتە هۆکاری ڕووناکی جیهانی ئێمە. ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەو حیزبە یادێک دەکەین لە هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە گیانفیدایانە لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا یا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی شا و کۆماری نائیسلامی ئێراندا لەژێر وەحشیانەترین ئازار و ئەشکەنجەدا یا بەهۆی پەتی سێدارەکانیانەوە گیانیان بەخت کرد و شەرەفمەندانە شەهید بوون؛ هەروەها هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە خۆبەخشانە لە نێو مەتەرێزەکان دژی ئەو دوو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە خۆڕاگری و خۆبەخشییان لە خۆیان نیشان دا؛ ڕێز و سەری کڕنۆشیان دادەنەوێنین بۆ هەموو ئەو بنەماڵانەی کە پشتگیریان لە شۆڕش و هەستانەوەی گەلی کورد کرد.

 سڵاو و ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە خۆبەخشانە گیانیان لەسەر بەری دەستیان دانا و لە دژی داگیرکەران و ملهۆڕانی کوردستان ڕۆچوون و حەماسە مێژووییەکانیان خوڵقاند و هەموو ئەو خەڵکانەی کە ژیان و سەر و سامانیان بۆ بونیاتنانەوەی نیشتمان و ئازادی و دێموکراسی بۆ نیشتمان و نەتەوەکەیان تەرخان کرد. ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ کە ڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بۆ نەتەوەی کوردیش خاڵی وەرچەرخانی نەتەوەیەکە کە ڕێگایەکی پڕ لە ئامانج و پڕ لە پیرۆزییەکان و سەرکەوتنانە تاکوو ئێستاش بەردەوامە و تاکوو کوردیش لەژێر ستەم بێ بەردەوام دەبێ.

بەرنامە و ئەساسنامەی ئەو حیزبە کە ستڕاتیژی و شێوەی کارو تاکتیکە سیاسییەکانی و شێوەی ڕێکخستنی دیاری کرد و بەرەوپێشی برد، خەباتی حیزبی دێموکرات خەباتێکە بۆ ئازادیخوازی و بەرەوپێشچوونی پێشکەوتووانەی نەتەوەی کوردە و لە مێژووی کوردستاندا ئەستێرەیەکی دیار و درەوشاوە و گەشە. هەروەها دەسپێکی شێوە خەباتێکی سیاسی و دادوەرانەیە کە باشترین ڕۆڵەکانی ڕۆشنبیرانە و زانستییانە و شۆڕشگێڕانە وەکوو هێزێکی دێموکراتیک و جیهان پەسەند بۆ خۆشەویستی نیشتمانەکەیان لە هیچ کەند و کۆسپێک سڵ ناکەنەوە، حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی کۆماری خودموختاری کوردستان و تێپەڕکردنی  چەندین کاتی قورس و بڵند و پڕ نشێوی و دیتنی هەزاران هەڵدێر و پڕ لە خوێن و پڕ لە ئاگر و دوکەڵ بەڵام سەربەرزانە بۆ پارێزگاری لە مافی نەتەوەیی هەزاران ڕۆڵەی بە ئەمەگی خۆی لێ شەهید کرا، بەڵام شێلگیرانە ڕێگای ئەم ڕێبازەی پێوا و دەستکەوتی مەزنی لە مێژودا تۆمار کرد.

خزمەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی شۆڕشە مافخوازانەکانی گەلی کورد و هەروەها لە بواری سیاسی و ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا بەرچاو و ڕوونە کە ناتوانرێ لە چەند بابەت و یان کتێبێک باس بکرێ. حیزبی دێموکرات توانی بە چالاکییە فەرهنەگی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە جۆری ژیان کردن بەدی بێنێ و ئەمەش لە مێژوودا نوسراوە و بە ڕوونی باسی لێوە دەکرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شۆڕشەکەی فرەڕەهەندە و ناکرێ لەسەر ڕەهەندێک قسە بکرێ و ڕەهەندەکانی تری لەبەر چاو نەگیرێ، ئەو حیزبە بە خەباتەکەی سەلماندی کە کورد دەتوانێ هەنگاوی پێشکەوتووانە و جیهانپەسندانە بهاوێ، ئەو حیزبە هەزاران پاڵەوان و هەزاران شەهیدی پێشکەشی بارەگای ئازادی و پێشکەوتن و هەروەها پێناسەکردنەوەی کورد وەک مرۆڤێکی جیهانی سەردەم پێشکەش کرد و هەر بەو هۆکارانەشە دەتوانین بڵێین حیزبێکی شۆڕشگێڕ و پێشڕەو و نمونەیە.

ئەو بە شێوازێکی مرۆڤدۆستانە و ڕۆشنبیرانە توانی لاپەڕەکانی زێڕینی مێژوو بنووسێتەوە و حەماسە دوای حەماسە تۆمار بکات؛ حیزبی دێموکرات تایبەت نییە بە گروپێک یان تاکێک و سەرمایەدارێک بەڵکوو ئەو حیزبە باڵی نەتەوەیەکە و هەموو چین و توێژەکانی لە خۆی کۆکردۆتەوە و بەو شێوەیە زیندوویە و هەمیشە جێگای شانازی ڕۆڵەکانی نیشتمانە؛ ئەو حیزبە میراتگری هەموو جوڵانەوەکانی دژی ستەم و کۆلۆنیالیزم و دیکتاتۆر و داگیرکەرە، ئەو حیزبە یادگاری گەورەترین بیرمەندی گەل واتە پێشەوای هەمیشە نەمر قازی محەممەدە.

ئەو حیزبە یادگاری باشترین ڕۆڵەکان و ڕاستترین و پاکترین و گیانفیداترین ڕۆڵەکانی ئەو ئاو و خاکەیە؛ ئێمە بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکەین کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازە و پابەندە بە یاساکانی مرۆڤایەتی، ناوەڕۆکی ئەم حیزبە نیشتمانپەرەستی و گیانفیدایی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئازادیخوازییە و خەباتکارانی باوەڕیان بە کۆمەڵێکی پێشکەوتوو و بنیاتنانی دووبارەی نەتەوەکەیان هەیە، دێموکرات تێکۆشەری ڕێگای هاودڵی و یەکگرتوویی نەتەوەی کوردە و دەیهەوێ لەسەر بنەمای یەکگرتوویی بە مافی نەتەوەیی و دێموکراسی بگات.

ئەو حیزبە هەمیشە دژی چەوسانەوە بووە، دژی کۆنەپەرەستی بووە، دژی هەڵاواردن و دژی دەمارگرژی و تێرۆر و دەمارگرژی ناوشیارانەی نەتەوەیی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و دژی شەڕ بووە هەر بۆیەشە کە دژبەرانی لە بەرامبەریدا تاقەت ناهێنن و تاکوو هەنووکەش هەرگیز نەیانتوانیوە ئەم مەکتەبە مرۆڤایەتییە بخنکێنن یا بڵێسە پیرۆزەکانی خامۆش بکەن.

ئەو حیزبە دەنگی نەتەوەی خۆی لە ناوەڕاستی تۆفان و گێژەڵووکەکان بڵند و بڵندتر کردووە و ئاڵای پڕ لە شانازی لەسەر لوتکەی باوەڕ و ئامانجی بەرز و گەشاوە ڕاگرتووە، ئەو ئیدعایانەی ئێمە مێژوو شاهیدیمان بۆ دەدەن و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان لە ڕووی ویژدانیانە، دان بە باوەڕی پۆڵایینی حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەنێن هەر لەسەرەتای درووست بوونییەوە تاکوو ئێستا.

هەموو ڕۆژێ شاهیدی پەیوەستبوونی دەیان ڕۆڵەی وشیار و پاڵەوان کە خۆیان دەگەیەننە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر بۆیە زەمەن کەوتۆتە نێو دڵی میللەتی ئێمە و هەموو ڕۆژێ شاهیدی بەهێزبوونی زۆرتر و زۆرتری ئەو حیزبەین و ئەم حیزبەش بۆتە چقڵ و چۆتە ناو چاوی دوژمنەکان، ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بە شاهیدی مێژوو هەست بەوە دەکەن کە ئەو حیزبە لە توانایدا هەیە گۆڕانکارییە فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان جێگیر بکا لە کوردستان و کاریگەری هەبێ بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی جیاواز و پڕ لە شانازی و گومان لەوەدا نییە کە بڵندگۆکانی ڕاگەیاندنی ستەمکاران نەیتوانیوە زەڕەیەک کاریگەری لەسەر خەڵکی کورد هەبێ، بەڵێ بێگومان کاریگەری نابێ، نەتەوەی کورد خەباتکارێکی قارەمانە و مامۆستاگەلێکی وەک قازی محەممەد و قاسملوو شەرەفکەندی لە گۆڕەپانی فێرکردندا بوونەتە سەرمەشق.

هێز و کاریگەری حیزبی دێموکرات بە جۆرێکە کە لە زەمەنە جیاوازەکاندا تەنانەت دوژمنەکانیش دانی پێدادەنێن، ئەندێشەکانی ئەو حیزبە کەوتۆتە ناو مێشکی ڕۆشنبیرانی و بووەتە پێگەیەکی بەهێز بۆ نەتەوەکەی و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەست بەوە دەکەن کە خواست و ڕزگاریان تەنیا بەدەست حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

لە تەواوی ئەو ٧٥ ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی تووشی چەندین بەرز و نزمی بووە بەڵام جوان لەبەر چاوە کە هەرگیز لە ڕێبازی خزمەت کردن و ئامانجی گشتی لای نەداوە و هەنگاو هەنگاو خزمەتی بە بیری نەتەوەیی کردووە.

مێژووی ئەو ٧٥ ساڵە نیشانمان دەدا کە حیزب لە هەموو ڕووداو و کردارێکیدا چ لە باری سیاسی و چ لە باری نەتەوەییەوە سەربەرز بووە و هەرگیز کەمی نە‌هێناوە و هەمیشەش وەک حیزبێکی بەرپرس و ئازادیخواز دوورئەندێش بووە، و لە بابەتی چارەنووس و سیاسییەوە خۆی بە دەستەوە نەداوە و نەیویستووە هیچ گروپێک و هیچ بەشێکی کوردستان بکات بە پلیکان بۆ سەرکەوتنی خۆی هەمیشەش تێکۆشاوە شێلگیرانە لە هەموو کات و ساتێکدا لە خەباتی سەرتاسەری ئێراندا بەشدار بێت و کاریگەری خۆی هەبێت و بە سوودی هەموان بێت.

بە پێی بەرنامەو ستڕاتیژی ئەو حیزبە هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز،هەر مرۆڤیکی ژێرستەم و هەموو هەڵاواردنێکی نەتەوەیی و هەر تاکێکی مێرخاس وجوامێر و هەموو لاوێکی بێبەش و هەموو خەباتکارێکی ژینگەپارێز و ژینگەدۆست و هەموو هونەرمەندێکی پابەند بە مرۆڤبوون دەتوانێ، خەباتی خۆی بە ستراتیژی ئەو حیزبە گرێ بدا و خۆی تێدا ببینێتەوە و ئەوە ڕازی ئەو سەرکەوتن و ڕووسورییانەیە کە حیزبی دێموکرات بە دەستی هێناوە و دەشتوانێ ببێتە ئۆلگوویەک بۆ چالاکی هەموو جیهان و بە تایبەت بەشەکانی تری کوردستان.

پیرۆزبێ ٢٥ی گەلاوێژ ڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات.