کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ ساڵ لەمەوبەر ڕێژیمی ئێران بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" مەحکووم کرا

11:26 - 21 خاکەلێوه 2722

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە بەرابەر لەگەڵ ١٠ی ئاوریل، ٢٥ ساڵ بەسەر بڕیاری مێژوویی دادگای "میکۆنووسـ"ـدا تێدەپەڕێت.

دادگای میکۆنووس لەسەر تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکرات، فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب لە ئورووپا، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی بەڕێوە چووە.

ئەو ڕووداوە لە شوێنێکدا لە ڕێستۆرانتێک بە ناوی "میکۆنووس" لە شاری برلین ڕووی دا و بەرنامەی ئەو تێرۆرە کە دواتر لەلایەن دادگایەک بە ناوی "میکۆنووس" لە وڵاتی ئاڵمان سەلمێندرا کە بڕیاری ئەو تێرۆرە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕێگای ژمارەیەک لە دەستوپەیوەندییەکانیان ئەنجام بدرێت.

دادگای میکۆنووس لە ماوەی ٣ ساڵ، ٢٤٧ کۆبوونەوە و شایەتیدانی ١٧٦ کەسی لەسەر دۆسیەی تێرۆری میکۆنووس ئەنجام دا و ڕێژیمی ئێرانی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" مەحکووم کرد.

حوکمی دادگای میکۆنووس لە مانگی دێسامبری ١٩٩٨ بەتەواوەتی پەسند کرا و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە باڵاترین ئاستدا لە دۆسیەی تێرۆری "میکۆنووسـ"ـدا مەحکووم کران.

دواتریش و لە ١ی بانەمەڕی ١٣٨٣ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٢٠ی ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٤، لە شوێنی ڕێستۆرانی میکۆنووس (کە هەنووکە ئەو شوێنە داخراوە) تابلۆیەک لە قوربانییانی تێرۆری میکۆنووس ڕوونوێنی کرا.

 لەسەر ئەو لەوحەدا نووسراوە: "لەم شوێنەدا، شوێنێک کە پێشتر ڕێستۆرانتی میکۆنووس بووە، لە ڕێکەوتی ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢ی زایینی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، دوکتور سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هومایوون ئەردەڵان و هەروەها سیاسەتمەداری نیشتەجێی شاری برلین، نووری دێهکوردی، لەلایەن کاربەدەستانی ئەو کاتەی ئێران تێرۆر کران، ئەوان گیانی خۆیان لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ لەدەست دا".

ڕۆژی ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ی زایینی بەرابەر لەگەڵ ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی، دادگایەکی بێرلین، حوکمی مێژوویی دەر کرد و تێیدا ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی، ڕەفسەنجانی و فەلاحیانی سەبارەت بە بڕیاردانی تێرۆری دوکتور شەرفکەندی و هاوڕێیانی بە تاوانبار ناساند.