کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە لە ئێراندا ٦٠ میلیارد نەخ جگەرە دەکێشرێت

17:55 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جگەرەکێشان یەکێک لەو کێشانەیە کە لە کۆمەڵگای ئێراندا جیا لەوەی کە تەمەنی بەکارهێنانی زۆر هاتووەتە خوارەوە، لە نێوان ژنانیشدا وەکوو دیاردەیەکی بەرچاو دەبیندرێت.

"محەمەدڕەزا مەسجدی"، بەرپرسی کۆمەڵەی دژایەتی لەگەڵ بەکارهێنانی دوخانیات، باسی لەوە کردووە کە ساڵانە لە ئێراندا ٦٠ میلیارد نەخ جگەرە دەکێشرێت کە هۆکاری ٦٠ هەزار لە مەرگەکانیش هەر ئەوەیە.

بە وتەی ناوبراو ئەگەر ڕۆژانە ٢٠ میلیارد تمەن بۆ کڕینی جگەرە خەرج بکرێت، ئەوە دەبێ لانیکەم ٦٠ میلیارد تمەن بۆ ئەو نەخۆشیانە تەرخان بکرێت کە بە هۆی کێشانی جگەرەوە مرۆڤەکان تووشی دەبن.

بەکارهێنانی زۆری دوخانیات مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە لە بەکارهێنەراندا زیاد دەکات کە ئەم شێرپەنجەیە، ٧ قات زیاتر لە شێرپەنجەکانی  سینگ، ڕێکتۆم، میزڵدان، پرۆستات و خوێن لە ئێراندا باوە.

بەپێی هەندێک لە ئامارە بڵاوکراوەکان، دەوترێت کە لە ئێراندا ساڵانه ٦٠ تا ٦٥ میلیارد نەخ جگەرە دەکێشرێت، بەڵام نیوەی ئەم ڕێژەیە تایبەت بە جگەرەی قاچاخه.

ڕێژەی بەکارهێنانی جگەرە لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوونە و ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا لاوان، تازەلاوان و ژنان بە دوور لە چاوی خەڵک دوخانیاتیان بە کار دەهێنا، ئێستا بەبێ سەرنجدان بە کۆمەڵگا، ئەو کارە دەکەن و وەکوو عورفی کۆمەڵگا چاوی لێدەکرێت. کێشانی جگەرە زۆربەی کاتەکان دەبێتە دەستپێکێک بۆ بەکار‌هێنانی ماددە هۆشبەرەکان کە بەداخەوە کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی تەنیوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی جگەرە لە تەمەنە کەمەکاندا، بۆ ناڕازیبوون لە دۆخی ئابووری و خۆشبژێویی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە، کە خەڵکی تووشی خەمۆکی و پەنابردن بۆ ئەو جۆرە شتانە کردووە.