کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە نزیک بە ٤٠٠ هەزار حاڵەتی لەباربردنی ئاولەمە لە ئێران ڕوو دەدات

16:13 - 2 سەرماوەز 2721

"ساڵح قاسمی" بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەکانی ستراتێژیی حەشیمەتی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار لەباربردنی ئاولەمە لە ئێراندا ڕوو دەدات کە ئەو ئامارە بەرابەری یەک لەسەر سێی ڕێژەی زاوزێ لە ئێرانە.

ناوبراو وتوویەتی، تەنیا سێ هەتا چوار لەسەدی لەباربردنی ئاولەمە بەهۆی کێشەی تەندروستیی ئاولەمەیە و لەسەر ئیزنی پزیشک ئەنجام دەدرێن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە  ٩٦ هەتا ٩٧ لەسەدی لەباربردنەکان بە شێوەی نایاسایی ئەنجام دەدرێن.

"قاسمی" وتوویەتی، یاسای لەباربردنی ئاولەمە لە ئێران ناکارامەیە و دەرمانی لەباربردنی ئاولەمە بە ئاسانی لەبەردەستی خەڵکدایە، هەروەها بەشێک لە پزیشکەکان پێبەند بە ڕەوشتی پزیشکی نین.

لە ساڵی ١٣٩٩دا بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، تەنیا ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار زاوزێ لە ئێراندا هەبووە، لە حاڵێکدا ٤٠٠ هەزار حاڵەتی لەباربردنی ئاولەمە ئەنجام دراوە کە مەترسییەکی زۆری بۆ سەر تەندروستیی دایک هەیە.

ناوبراو لە حاڵێکدا باس لە هۆکارەکانی لەباربردن و کێشە تەندروستییەکانی لەباربردن دەکات کە هاووڵاتیان لە ئێران بەهۆی گرانی، هەڵاوسان و بێکاری تەنانەت توانای بەخێوکردنی منداڵێکیان نییە.

ڕێژیم لە ساڵانی داهاتوودا بەهۆی سیاسەتەکانی هەڵەی لەهەمبەر کۆنترۆڵی زاوزێ، تووشی قەیرانی جەوانی حەشیمەت دەبێت و لە ئێستادا بە پێدانی هێندێک هاندەری وەک قەرزی بانکی بۆ کڕینی خانوو بەو لاوانەی کە تازە ژیانیان پێک هێناوە هەتا منداڵ بە دونیا بهێنن، بە نیازە کێشەکە چارەسەر بکات.