کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ١١٠ هەزار کەس لە ئێران تووشی شێرپەنجە دەبن

11:01 - 5 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئیدارەی شێرپەنجە سەر بە وەزارەتی لەشساخی ڕێژیمی تاران ڕایگەیاندووە، ساڵانە ١١٠ هەزار کەس لە ئێراندا تووشی شێرپەنجە دەبن و وێدەچێ لە داهاتوودا ئەم ڕێژەیە بەردەوام زیاد بکات.

عەلی قەنبەری موتڵەق ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان لە پەراوێزی یەکەمین کۆنفڕانسی پاراستنی "دەم و ددان لەنێو نەخۆشە شێرپەنجەییەکاندا" وتوویەتی: بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە جیهاندا ڕووی لە هەڵکشان کردووە؛ لە ئێرانیشدا بەسەرنجدان بەوەیکە خاوەنی حەشیمەتێکی لاوە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ئاستی بەربڵاوی شێرپەنجە زیاتر ببێت.

بەوتەی ناوبراو، ساڵانە لانیکەم ٥٠هەزار کەس لە ئێراندا بەهۆی شێرپەنجە گیانیان لە دەست دەدەن و ١١٠ هەزار کەسیش تووشی ئەم نەخۆشییە کوشندە دەبن کە ٣ تا ٥%ی لە نێو منداڵانە.

ناوبراو وتوویەتی: تاکوو ئێستە وەک پێویست بیروڕای گشتی لە مەترسییەکان، هۆکارەکان و چارەسەرییەکانی جۆرەکانی شێرپەنجە ئاگادار نەکراونەتەوە؛ بەگشتی ئەگەرچی بردنەسەری ئاستی زانیاری گشتیی لەهەمبەر شێرپەنجە پێویستییەکی هەنووکەییە بەڵام لە ئێراندا ئەم کارە زۆر بە لاوازی ئەنجام دراوە.