کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

18:19 - 27 بەفرانبار 2718

سۆران شەمسی

کاتێک ئاوڕ لە مێژوو و دیرۆکی خوێناوی کوردستان دەدەیتەوە و لاپەڕە پڕ لە حەماسەکانی دەخوێنیتەوە، ئینجا بۆت دەردەکەوێ کە ئەم گەلە بەشخوراوە چەندە نەهامەتی بینیوە و چەندە هەوراز و نشێوی بڕیوە؛ ئەم مێژووە خوێناوییە دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە خەڵکی کوردستان تامەزرۆی ئازادین و بۆ وەدستھێنانی ئازادی، کۆڵنەدەڕانە و بەردەوام گیانی خۆیان بەختی ئەو ئامانجە کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخە داسەپاوە ئەوە بووبێت کە گەلی کورد قەت ئامادە نەبووە ژێردەستەیی قبووڵ بکات و ملکەچی ھیچ کەسێک نەبووە.

نموونەی ئەو جۆرە کەسانە زۆرن و ڕەنگە باس کردن لە هەر کامەیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تایبەت و خوێندنەوەی کارناسانەی مێژووزانان هەبێت بەڵام بە جورئەتەوە دەکرێ بڵێین پێشەوا قازی محەممەد یەکێک بووە لەو سەرچڵانەی مێژوومان کە تا کورد بمێنێ دەبێ بە فەخرەوە سەیری بکات. پێشەوای نەمر بە تێگەیشتن لەو حەقیقەتەی کە نابێ ملکەچ بین و دەبێ نرخ بۆ ئامانجەکانمان بدەین لەگەڵ ھاوڕێیانی بیرتیژی حیزبی دێموکراتی دامەزراند و لە ڕێگەی ئەویشەوە یەکەمین کۆماری کوردستانی راگەیاند و بونیانی خودموختاری مۆدێڕن و دێموکراتیانەی دامەزراند کە بەداخەوە لە لایەن رێژیمی پاشایەتی و دوژمنانی گەلەوە پەلامار درا و بە لە سێدارەدانی پێشەوا و ھاوڕێیانی لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ لە شاری مەھاباد کۆماری کوردستان هەرەسی هێنا.

ئەوەیکە ڕوونە تا ئەوڕۆ ئەو ڕووڕەشی و پەلاماردان و سەرکوت کردنی خەڵکی کورد بە ھەموو شێوازێک و بە یەک ئامانج بەردەوامە؛ بە ھەرحاڵ ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بۆ ئێمەی کورد بەدیھێنەر و سەرەتایەکە بۆ یەکگرتوویی، لاوان و گەنجانی کورد بۆ وەدەستھێنانی ئازادی و نەڕۆیشتنە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری و تولیتاریزم کە ئێستا باڵی بەسەر وڵاتی ئێڕاندا کێشاوە، درووشمی ئازادیخوازی دەدەن و ٢ی رێبەندان وەک رۆژێکی زۆر تایبەت بە ئەژمار دێنن؛ تایبەت بەو مانای کە 2ی ڕێبەندان وەک جەوھەری ئازادی، دەربازبوون لە کۆیلەتی و ژێردەستە بوون دەبینن و خەباتی نەتەوەکەیان بۆ ئەم ئامانجە شڕۆڤە دەکەن تاوەکوو کۆماری کوردستان کە بە درێژایی تەمەنی خۆی بەردەوام بووە لە دژایەتی کردنی ڕەوتی پەرەسەندنی دیکتاتۆرییەت و ڕزگار بوون لە زەبروزەنگ و ستەم، داوای مافی ئازادی بکەن و کیانێکی ئەمڕۆییانە و شیاوی ژیان کردن بونیات بنێن. لەم نێوانەدا حەقیقەتێک خۆی شاردۆتەوە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر بە بیانووی دەربازبوون لە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی، "ئازادی" سنووردار بکرێ یان حاشای لێ بکرێ، مەبەستی راستەقینەی ئازادیخوازی ئینکار کراوە، دواجاریش ئازادی ھیچکات پاشکۆیەکی شاراوە لە دێموکراسی نییە و نەبووە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەگەر دیکتاتۆری و ژێردەستە بوون قەبوڵ بکرێ دیکتاتۆرەکان و حکومەتە توتالیتاریزم و فاشیستییەکان لە رێگای جۆرواجۆرەوە کۆمەڵگا و کۆمەڵانی خەڵکیان بەرەو زیندانی و کۆیلایەتی لە ناو دەسەڵاتی خۆیان دەبەن، لەم حاڵەتەدا کۆمەڵگا ناچار بە قەبووڵ کردنی حوکمی دیکتاتۆرەکانە و یاسا نێونەتەوەییەکان و یەک لەوان یاسا و ڕێسا پێوەندیدارەکان بە مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتانەدا ھیچ مانایەکیان نییە و ھیچ بایەخێکیان پێ نادرێ.

ڕەنگە لەمبارەوە نموونە زۆر بن بەڵام زەقترین نموونەی دەتوانێ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ھیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی لە ھەموو بوارێکدا ژیانی گەلانی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کوردستانی خستۆتە مەترسییەوە و پیلان و بەرنامەی دیکتاتۆری خۆی بردووەتە پێشێ کە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئیعدام، تیرۆر و لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆن، زیندانی کردن و ھەزاران دۆسیەی دیکە بکەین.

ئەورۆ  لە لای خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کوردستان رێژیمی ئاخوندی ھیچ مەشروعیەتێکی نییە و وەکوو دەوڵەتێک بە یاسایی نازانن و دەتوانین لە خۆپیشاندانی کرێکاران و مامۆستای قۆتابخانەکان و خوێندکارانی زانکۆ ئەو نامەشروعیەتییە ببینین. دواترلە ناو رێژیمی ئاخوندیدا پۆستی سەرکۆماری  بەڕواڵەت بوونی ھەیە بەڵام دەسەڵات لە دەستی ویلایەتی فەقیهیدایە کە لە سەرەتای دامەزڕانی رێژیمی ئاخوندییەوە خەڵکی لە ناخۆشترین و سەختترین هەلومەرجدا راگرتووە و لە ھەموو بوارێکدا زوڵم و ستەمێکی زۆر لە خەڵکی دەکات، زۆر ڕوونە ئەم شێوازە کە بەپێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکانە بۆتە ھۆی نارەزایەتی خەڵکی ئێران.

لە لایەکی دیکەشەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی ئێران ھەوڵێکی جیددی بۆ رێکخستنی بەرەیەکی کوردستانی و یەکدەنگ لەنێوان حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن داوە، کە وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە نووسینی لێکتێگەیشتننامەی ھاوبەش لە نێوان ١٠حیزبی ئۆپۆزسیۆن بکەین کە ئەو رێکخراوە ئەیھەوێ شیاوی خۆی پێش ھەموو شتێک لە یەکدەنگی راستەقینە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی شەخسی یان حیزبی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە نیشان بدات چوونکە لە ئێستادا بە یەکدەنگی و بەرەیەکی کوردستانی دەتوانن پێش بە گەندەڵی و دزی و بێ کیفایەتی و بێ یاسایی و جینایەت بگرن، بە بێ ھاوکاری حیزب و رێکخراوەکان و پێکھێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە بەرامبەر ھێزی دوژمن و ئەو کەسانەی کە خۆیان وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی دەزانن و درووشمی بەرابەری و عیداڵەت دەدەن و خۆیان بە نوێنەری کۆمەڵانی خەڵک دەزانن بڵام لە بەرامبەر ئۆپۆزۆسیۆن و تەفاھۆم نامە و ئەو رێکخڕاوە رادەوستن ئەبێ ئەوەی بزانن کە ھەر پلان و قسەیەکی نەرێنی ئەوان دەبێتە ھۆی ئەوە کە  رێژیمی ئاخوندی ھەر جەنایەت و خەراپەیەک کە لە ناو وڵات دەیکات نەتیجەی بێ کەفایەتی و خۆ بە زۆڕ زانینی ئەوان بێت و روو دانی ھەر جەنایەتێک لە سەر شان و ئەستۆی ئەوانە.

لەم رۆژە پیرۆزەدا کە کۆمار لە لایەن رێبەری بلیمەتی کورد پێشەوا قازی محەممەد دامەزراوە و لە لایەن ئەستێرە گەشاوەکانی کورد وەکوو دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرفەکەندی بەردەوام بوو، دەتوانین بڵێین کە خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی چ گیانفداییەکیان نەتەنیا بۆ خۆیان بەڵکوو بۆ ھەموو گەلانی دیکەی ئێران کردووە و بە بێ چاوەڕوانی تا ئەورۆ لە پێشەوەی خەبات و تێکۆشان بەرامبەر بە رێژیمی تولیتاری ویلایەتی فەقیە ڕاوەستاون. دوای زیاتر لە ٧ دەیە لە رووداوی سەربەخۆیی گەلی کورد لە کۆماری کوردستان ئێستا خەڵکی کورد دەزانن کە ئازادی و سەربەستی وشەیەکە کە لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا مانای جیاوازی ھەیە، بۆیە قسەی ھەر تاکێکی کوردە کە ئازادییەک کە خەڵکی ئێمە ئەیانھەوێ بەو مانایەیە کە وڵاتەکەمان بتوانێ لە بەڕێوەبردنی یاسا و ژیانی ناو کۆمەڵگا و راگرتنی داھات و بەرژەوەندی خەڵک و کۆمەڵانی خۆی لە سەر فکریەت و عەقڵیەتی خۆی بێت. بەرزڕاگرتنی یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەرفەتێکی باشە بۆ بەھێزکردنەوەی یەکپارچەیی نەتەوەیی و دوبارە کردنەوەی پەیمان و بەردەوام بوون لە رێز گرتن و یەکیەتی نیشتمانی؛ بەرزڕاگرتنی بێوێنەی ھەمیشەیی خەڵکی کوردستان لە ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە ھەموو دونیای نیشان داوە کە خەڵکی کوردستان ھەموو کات تینو و تامەزرۆی ئازادی و عاشقی نیشتمانی خۆیانن و لەبەر ئەوەی ئەبێ باوەڕو ئیمانمان ھەبێ کە میللەتی کورد لە ئێستادا بە باوەڕبەخۆبوون و پشت‌بەستن و متمانەکردن بە حیزبەکانی دەتوانێ بە ئامانجەکانی بگات. داھاتوو هی کەسانێکە کە بۆ وڵاتی خۆیان ئاشتی و یەکگرتووی و بەختەوەرییان بوێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.