کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵوەگەڕی بەرجام گەمارۆی بەدواوە دێت

12:33 - 13 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە هەوڵدایە لە ساڵوەگەڕی بەرجامدا گەمارۆی نوێ دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران پەسەند بکات.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، ئامریکا تاوتوێی ئەوە دەکات لە ساڵوەگەڕی ڕێککەوتنی ناسراو بە بەرجامدا، گەمارۆی نوێ دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکات.

بڕیار وایە  ئەو گەمارۆ ئابووریانە لە ساڵوەگەڕی بەرجامدا پەسەند بکرێن.

ئامریکا ساڵی ٩٤ی هەتاوی لە سەردەمی سەرکۆماری باراک ئۆبامادا وێڕای وڵاتانی ڕووسیە، چین، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتنێکیان ئەنجام دا کە دواتر دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ٩٧ی هەتاوی، لەو ڕێککەوتنە کشایەوە.

ئامریکا لە ماوەی ڕابردوودا دوو خولی نوێی گەمارۆی ئابووریی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کرد و لەسەر سەپاندنی گەمارۆی نوێی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پێداگری دەکات.

لە سالی ٢٠٠٩ی زایینیەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کراون، ژمارەیەکی زۆر لەو کەس، شیرکەت و دامەزراوەگەلەی کە هەوڵی یارمەتیدان بە ڕێژیمی ئێران و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیان داوە لەلایەن ئامریکاوە دەستنیشان کراون و سزا دراون.