کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵوەگەڕی کارەساتی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی وڵامدەرنەبوونی ڕێژیمی ئێران

13:20 - 20 بەفرانبار 2720

لە یەکەمین ساڵوەگەڕی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی کە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە کرایە ئامانج و ١٧٦ کەس بوونە قوربانی، بنەماڵەکانی ژمارەیەک لە قوربانییان لە  ڕێوڕەسمێکی ماتەمیندا داوای داداگاییکردنی بکەرانی ئەو جینایەتەیان کرد و خوازیاری بەڕێوەچوونی عەداڵەت بوون.

هەورەها ڕۆژی هەینی ٢٠ی بەفرانبار، ''ولودیمێر زلنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین دڵنیایی دا کە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە ڕاستییەکان دەزانین".

ناوبراو باسی لەوە کرد لەحاڵێکدا کە فڕۆکەی غەیرە نیزامی لە ئاسمان بووە و مووشەکی یەکەمی بەرکەوتووە، بە دڵنیایەوە ئێران ئاگادار بووە.

بەپێی یاساکانی هەوانەوەردیی ''ئیکائۆ'' کە پێوەندیدارە بە ڕێکارەکانی تاوتوێی ڕووداوەکان، دەوڵەتانی بەرپرس لە لێکۆلینەوەکان دەبێ ڕاپۆرتی کۆتایی ئەو ڕووداوانە بە زووترین کات و لە ئەگەری موومکیندا لە ماوەی ١٢ مانگدا بیخەنە بەر ڕای گشتی.

لە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ فڕۆکەی ئۆکراینی بە مووشەکی سپای پاسداران کەوتە خوارەوە، هەتا ٣ رۆژ بەرپرسان و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بێ پسانەوە درۆیان دەکرد و هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەیان بۆ کێشەی تکنیکی دەگەڕاندەوە، بەڵام دواتر بەهۆی بەڵگەکان و گوشاری دەرکی، ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە بەیانییەیەکدا دانی بەوەدا ناوە کە بە مووشەکی سپای پاسداران ئەو فڕۆکەیە کەوتووەتە خوارەوە.

دواتر ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر ڕادەستکردنەوەی سندوقی ڕەشی ئەو فڕۆکەیەی وەدوا دەخست هەتا ڕەوتی لێکۆلینەوە و دەرکەوتنی ڕاستییەکان ئاشکرا نەبێت.

ئیستا دوای یەکساڵ بنەماڵەی قوربانیانی فڕینی ٧٥٢ دەڵێن: "لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ئیرادەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان بوونی نییە، بکەرانی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە هەتا ئێستا  کە ئیدعای نائەنقەستبوون و هەڵەی ئینسانییان بۆ خەڵک نەسەلماندووە.

لەو نێوانەدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو بکەر و شوێنی ئەو جینایەتە هاوشێوەی جینایەتەکانی دیکەی کە تووشی بووە، ملهوڕی دەکات و وڵامدەر نییە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو جینایەتە گەورەی خستووەتە ئەستۆی یەک کەس کە بە وتەی خۆی زیندانیی کردووە و تەنانەت بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک ڕێوەڕەسم بۆ قوربانییانی ئەو کارەساتە کە خۆی ئەنجامی داوە بەڕێوە دەبات و دەیهەوێت بەرامبەر بە کەسوکاری قوربانییان و جیهان خۆی بێبەری بکات.