کوردستان میدیا: خەڵکی قارەمانی کوردستان لە ساڵڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەرز و پڕشکۆ ڕاگرتنی ساڵڕۆژی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئاڵایەکی بەرینی کوردستانیان لە کێوی ناڵەشکێنەی بۆکان بەرامبەر شار شەکاندەوە.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی خهڵكی باشووری كوردستان، له پڕۆسهیهكی مێژوویی و چارهنووسسازدا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و چارهنووسی خۆیان دیاری کرد.
ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان له ناوچهكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارهی ههرێمی كوردستان و سهرجهم ناوچه كوردستانییەکان كه له ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمهرگهی كوردستان دایه، بەڕێوە چوو.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەنجامی بەرایی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بڵاوی کردەوە کە به ڕێژەی (٧٢.١٦%)ی دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و کوردستانیانی دەرەوە بەشداریی پرۆسەکەیان کرد و به رێژەی (٩٢.٧٣%) دەنگی بەڵێ و (٧.٢٧%)یش بە نەخێر دەنگیان دا.
له دوای کۆتایی هاتنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان له شار و شارۆچكهكانى چوار بەشی كوردستان بە تایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات هاووڵاتيان به شێوازى جۆراوجۆر دهستيان كرد به ئاههنگ و دهربڕينى خۆشى به بۆنهى سهركهوتنى پرۆسهى ڕێفراندۆمهوه.