کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مامۆستا شەپۆل یاد کرایەوە

12:30 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مامۆستا شەپۆل، لە لایەن کۆمەڵێک لە ئەدیبان و هونەردۆستان و بنەماڵە و دۆست و کەسوکاری ئەو هونەرمەندەوە یاد کرایەوە

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ۵ی جۆزەردان، بە بۆنەی یەکەم ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مامۆستا "محەممەدساڵح ئیبراهیمی"، ناسراو بە "شەپۆل"، بە بەشداریی  کۆمەڵێک شاعێر و هونەرمەند و ئەدیبی کورد و کۆمەڵێک خەڵکی ئاسایی و کەسوکاری نزیکی سەردانی گۆڕی دوکتور ئیبراهیمی ـ توێژەر، وەرگێڕ، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانستگا ـ لە گۆڕستانی شاری مەهاباد کرا.

لەو یادکردنەوەدا، بنەماڵەی دوکتور ئیبراهیمی بە گەرمی بەخێرهاتنی بەشدارانی ئەو بۆنەیەیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئامادەبوونی خەڵک دەربڕی!

دواتر کۆمەڵێک لە ئەدیب و نووسەرانی بەشداربوو، وەکوو: مامۆستا "مستەفا شەڕەفکەندی" کوڕی "مامۆستا هەژار"، "کامبیز ئیبراهیمزادە"، "فەرەیدوون حەکیمزادە"، "مێهرداد ڕامیدی‌نیا"، "جەلال ئیبراهیمی" و هەندێک لە دۆستان و خزمانی نزیکی ناوبراو ئاماژەیان بە کردەوە و هەڵویست و ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئەو مامۆستایە لە هەموو بارێکەوە کرد و وتیان کە مامۆستا هەم لە باری زانستییەوە نووسینەکانی جێگای بایەخدانن و هەم لە باری نیشتمانییەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە، مامۆستا کەسێکی زۆر کوردپەروەر بووە و هەمیشە لە دژایەتیدا لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە هەر چوار بەشی کوردستاندا بووە و بە ئاشکرا لە بەرامبەر دوژمناندا هەڵویستی گرتووە و کردەوەی دوژمنانی مەحکووم کردووە و لە باری کۆمەڵایەتیشەوە، کەسێکی خەڵک خۆشەویست بووە و هەمیشە دەرگای ماڵی بە ڕووی خەڵکی خۆیدا کراوە بووە

 ئەو هەواڵنێرە هەروەها باسی لەوە کرد، کە مامۆستا "شەپۆل" لە ژیاندا هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ خزمەتکردن بە خەڵک و خاکەکەی بوو.

مامۆستا شەپۆل، ٣٥ بەرهەمی چاپکراوی هەیە کە هەر یەک لەو بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن بۆ زمان و وێژەی کوردی.

ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی مامۆستا شەپۆل بریتین له: "وەڕگێرانی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی، ڕاپەڕینی ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی ڕابەری کەبیری کورد، گەنجینەی فەرهەنگ و زانست، زانایانی کورد، کۆبانی، باوی کۆمەڵایەتی و ژنانی کورد لە مێژوودا".

مامۆستا شەپۆل، ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی، دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی، له تاران کۆچی دوایی کرد و له شاری مەهاباد زێدی خۆی به خاک ئەسپێردرا.

بەشداربووان لە کۆتاییدا بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەو بلیمەتە کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێناوە.