کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵیادی کۆچی دواییی هونەرمەندی حەوت هونەر

11:51 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دواییی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد، ''عەباس کەمەندی'' تێدەپەڕێت.

عەباس کەمەندی، ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، نیگاركێش، نووسەر، شاعێر و دەرهێنەری بواری شانۆ و دراما، دووبلەکار و فۆلکلۆرناسی خەڵکی شاری سنە، کە بە هونەرمەندی ''حەوت هونەر'' ناسرابوو، پێنج ساڵ لەمەوبەر و ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣، لە شاری سنە بە هۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

عەباس کەمەندی، ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی، لە گەڕەکی جه‌وراوای شاری سنە لە دایک بوو. زۆربەی بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە قەساب بوون و کەشێکی سوننەتی بە سەریاندا زاڵ بووە.

کەمەندی جیا لەوە کە لە ھونەری مۆسیقا مامۆستا بوو، شارەزاییەکی زۆریشی لە بواری وێنەکێشان، شانۆ و سینەما و ئەدەبیاتی کوردی بەتایبەت ئەدەبی زارەکی و فەرهەنگ و گۆرانیی هەورامان هەبوو و لەم  بوارەدا بە دەیان توێژینەوەی ئەنجام داوە.

نابراو، ماوەی ٣٥ ساڵ لە رادیۆی شاری سنە کاری کردووە و بە دەیان چیرۆک و بەیتی کوردیی لە ڕادیۆدا بە شێوەی شانۆی دەنگیی ساز کردووە. لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوبەش دەست ‌پێ کردووە و خاوەنی کوڕێک و دوو کچە.

کەمەندی، پاش تەمەنێک خزمەت بە بواری هونەر و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاویدا، لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوه کۆچی دوایی کرد و لە  گۆڕستانی (بەهەشتی محەممەدی) نزیک بە ئاساوڵەی سنە بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

عەباس کەمەندی هونەرمەندێکی فرەبەرهەمە کە بەداخەوە ژمارەیەکی کەمی بڵاو کراوەتەوە، لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا کە زۆربەی شێعر، ئاهەنگەکانی هی خۆی بووە، خاوەن ڕێچکە و دەنگ و لەحنی تایبەت بە خۆیە و پاش خۆی ئەم ئالبوومە گۆرانییانەی لێ بەجێ ماوە وەکوو: گەلاوێژ، ھەورامان، پرشنگ و کیژی کورد، کە وەک سەرتۆپی گۆرانیی ڕەسەنی کوردی دێنە ئەژمار.

ناوبراو، لە بواری نووسینی ئه‌ده‌بیات، فۆلكلۆر، فەرهەنگ و مێژووی كورددا زیاتر لە‌ ٦ هه‌زار لاپه‌ڕه‌ لێکۆڵینەوەی‌ هەیە و له‌ كتێبخانه‌ی فه‌رهه‌نگیی له ‌تاران پارێزراوه‌.

 بەرهەمەکانی هونەرمەند عەباس کەمەندی نووسینی ٤ ڕۆمان، نووسینی سیناریۆی ٣٠ فیلمی درێژ و كورت، نووسینی ٢ كتێبی شێعر به ‌فارسی و ‌كوردی و كێشانی نزیكه‌ی ١٠٠ تابلۆی هونەری و خاوه‌نی ٦٠ گۆرانییه‌ و چه‌ندین فیلم و درامای به ‌شێوه‌ی حەڵقەیی‌ بۆ تەلەفزیۆنی سنە بەرهەم هێناوە، کە هەندێکیان بریتین لە: "سنجەرخان، پاڵەوان حوسێن گوڵزار کرماشانی، میری نەورۆزی، کاروانسەرا، مام ڕەحیم و فڕین لە قەفەس، ئەسپ و چەندین بەرهەمی دیکە".‌

یاد و ناوی ئەو نەمرە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی نەتەوەکەیدا بە بەرزی دەمێنێتەوە.