کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ ساڵە جێگای چۆڵی وەرگێڕی ناوداری کورد هەر دیارە

17:04 - 12 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ٢٢ ساڵ پێش ئێستا و لە ئاوا ڕۆژێکدا، وەرگیڕێکی ناوداری کورد، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە دنیای نووسین و وەرگێڕان کرد و قەڵەمەکەی هەرمان مایەوە.

ناوێکی ئاشنا و مێژوویەکی زێڕین لە مێژووی ناودارانی کوردی بواری نووسین و وەرگێڕان، "محەممەد ئیمامی قازی"، ناسراو بە "محەممەد قازی"، ٢٢ ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، بۆ هەمیشە پێنووس و تێنووسەکەی بە ئۆگرانی ئەدەب ئەسپارد و ماڵاوایی لە دنیای نووسین و ژیانی پڕ بەرهەمی خۆی کرد و بوو بە هەرمان لە مێژوودا.

"محەممەد قازی"، ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٢٩٢ی ھەتاوی، بەرانبەر لەگەڵ ١٩١٣ی زایینی، لە شاری مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بوو.

لە لای مامۆستایەکی موکریانیدا دەستی بە فێربوونی زمانی فەرانسەوی کرد و پاشان بۆ خوێندن ڕووی کردە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر برد. ساڵی ١٣١٨بڕوانامەی مافی لە زانستگای تاران وەرگرت و ساڵی ١٣٢٠ لە وەزارەتی دارایی دامەزرا.

 ناوبراو پاش تووشبوون بە شێرپەنجەی گەروو، بۆ چارەسەری، ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد.

"محەممەد قازی" لە بواری نووسین و وەرگێڕان و هەروەها نووسینی شێعردا کاری دەکرد و خاوەن قەڵەمێکی بەهیز بوو.

زۆربەی کارەکانی ناوبراو بە شێوەی وەرگێڕان لە زمانی فەرانسەییەوە بۆ زمانی فارسییە و بەرهەمەکانی دوو بەش لەخۆ دەگرێتەوە کە بە زمانی فارسین و بەشێکیان وەرگێڕان و بەشەکەی دیکەشی نووسینەکانی خۆیەتی.

لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژە بە وەرگێڕانی ڕۆمانی "دۆن کیشۆتە" بکەین، کە خەڵاتی باشرین کاری وەرگێڕانی ساڵەکانی ١٣٣٦ و ١٣٣٧ی هەتاویی بۆی بە دیاری هێنا.

"محەممەد قازی" خاوەن ٦٤ بەرهەمی وەرگێڕانە کە لە ساڵی ١٣١٩ تا ١٣٧٣ لە چاپ دراون و هەروەها خاوەن ٣ بەرهەم لە نووسینی خۆیەتی.

محەممەد قازی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەی "ئێران مێهر"، لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد و پاشان تەرمی ناوبراو هێنرایەوە بۆ زێدەکەی خۆی و لە گۆڕستانی "بوداغ سوڵتان"، بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.