کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ ساڵە پرۆژەی نەخۆشخانەی ٣٧٦ تەختیی ئیلام تەواو نەکراوە

12:20 - 20 سەرماوەز 2721

١٢ ساڵ پێش ئێستا پرۆژەی نەخۆشخانەی ٣٧٦ تەختیی ئیلام دەستی بەکار کرد. بڕیار وابوو ئەو پرۆژەیە لە کەمترین کاتی دیاریکراودا و بەپێی ژێرخانەکانی تەندروستی و دەرمانی دروست بکرێت، بەڵام دروستکردنی ئەو پرۆژەیە تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێن و وادەدا مایەوە و دوای چەندین ساڵ و خەرجکردنی چەند میلیارد تمەن، باس لە خراپیی شوێنی دروستکردنی نەخۆشخانەکە دەکرێت.

"محەممەد کەریمیان" سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام وتوویەتی، چەند شوێنی دروستکردنی نەخۆشخانەکە گونجاو نییە بەڵام هەنگاوی پێویست لە بواری فەنییەوە هەڵگیراوە.

بە وتەی سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام، ئەو نەخۆشخانەیە کە ساڵی ١٣٨٨ دەستی بەکار کرد، بڕیار وابوو دوای ٤ ساڵ کارەکانی تەواو بکرێت، بەڵام هێشتا هەواڵێک لە تەواوبوونی لە گۆڕێدا نییە.

سەرکۆمارەکانی پێشووی ئێرانیش لەو ١٢ ساڵەدا و لە سەفەری خۆیان بۆ ئەو پارێزگایە، بەڵێنیی ئەوەیان دابوو کە ئەو پرۆژەیە لە کەمترین ماوەی دیاریکراودا کارەکانی تەواو بێت، بەڵام وەکوو هەزاران بەڵێنیی تر، ئەمەش پشتگوێ خراوە.