کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵەکان و ژمارەکان

18:43 - 15 بەفرانبار 2720

کەریم پەرویزی

زۆرجار لە لێکدانەوە و باسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا، ژمارەکان بە جۆريک دەردەچن کە ڕەنگە بیر و هزر بەلای ئەوەدا بکێشن کە ڕەنگە شتێکی سەیر و جێگای سەرسووڕمان ڕوو بدەن.

بۆ وێنە گەر ڕێکەوتی ڕۆژ و ژمارەی مانگەکە یان لە ‌حاڵەتێکی تایبەتدا ژمارەی ساڵەکەش وەکوو یەک دەر دەچن، شتەکە سرنجڕاکێشتر دەبێ و چاوەڕوانیی ڕوودوای سەیر لە مێشکی مرۆڤدا درووست دەبێ. بۆ وێنە پێت وایە کە ڕۆژی ١٠ لە مانگی دە سەیرە یان گەر ڕۆژی نۆ و مانگی نۆ لە ساڵی نەوەد و نۆ گەیشت ئیدی ئەگەری ڕووداوی سەیر زۆر دەبێ.

ئەمانە لە مێشکی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن کە ژمارە و ڕێکەوت و ڕێکوپێکیی ژمارەکانی بەلاوە سەیرە و لە سەرتاسەری مێژوودا مرۆڤ لە کۆمەڵگای جیاوازدا تەنانەت هەندێ ژمارەی پێ پیرۆز بووە و تەنانەت هەندێ ژمارەشی بە وەیشوومە ناو بردووە!

بەڵام ساڵێک کە تازە دەستی پێ کردووە، واتە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی ساڵێکی گرنگ و چارەنووسسازە؛ نەک لەبەر ئەوەی بیست و بیست و یەک وەداوی یەک کەوتوون، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ساڵانی ڕابردوو هەندێ شت ڕوویان داوە و لەمساڵدا کاتی دەرکەوتنی هەندێ لە ئاکامەکانی دەگا و لە ڕاستیدا ئیمکانی دەرکەوتنی ئاکامەکان و کاریگەریی ڕووداوەکانی پێشوو زۆرتر دەبێ.

لە لایەکی دیکەوە، کاتی هاتنەئارای هەندێ بریار و یەکلاکردنەوەی هەندێ پرس، بەتایبەت لە بواری سیاسی و ئابووریەوە دەگات کە وای لێ دەکا، ساڵی داهاتوو، ساڵێکی گرنگ و سرنجڕاکێش بێ.

لە ساڵی داهاتوودا، دوای بڕیارە ستراتێژیکەکانی ئامریکا بۆ چۆنیەتیی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕەنگە هەندێ لە ململانێ و گۆڕینی باڵانسی هێزەکاندا بەرەو ڕوونبوونەوەی سنووری ململانێکان بڕۆن و هەمووکات لە سنووری شتەکاندا ئاڵۆزی دێتە پێش!

لە لایەکی دیکەوە ململانێ و کێشەی نێوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕۆژاوا و هەروەها چارەنووسی هەندێ لە کێشەی دەسەڵات و ململانێی هێز لە ئاستی نێوماڵی سەرانی ڕێژیمدا، کە لە سناریۆی سەرۆککۆماریی ڕێژیمدا خۆی دەردەخا، ڕەنگە لە سەر چارەنووسی ڕێژیم کاریگەریی دیاری هەبێ.

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، کاریگەریی بێکاری و دابەزینی نرخی نەوت و تێکشکانە ئابوورییەکان دوای پەتای کۆرۆنا، لە ساڵی داهاتوودا، کاریگەرییەکانیان زیاتر لە ناوچە دەردەخەن و ڕەنگە وەکوو دوای زۆر پەتا و بێکاری لە مێژووی جیهاندا، تۆفانێکی دیکە هەڵ بکا و گێژەڵووکەی ڕووداوەکان زۆر چارەنووسی چاوەڕواننەکراو وەدی بێنن.

ئەوەندەی لەسەر ئێمەیە، لە ناوچەیەکی ستراتێژیکدا و لە جوغرافیایەکی تەنراو لە ئاڵۆزیدا، چۆن خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین و چ مۆرکێک لە ڕووداوەکان دەدەین؟