کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم فڕۆکە ئۆکراینییەکەی کردووەتە ئامانج

11:31 - 21 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ بەسەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە بووە هۆی کوژرانی نزیک بە ١٨٠ کەس، ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ئەم ڕووداوەی بە هەڵەی مرۆیی نەخوازراو ناو برد.

ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی بەفرانبار، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک دانی بە کوشتنی نزیک بە ١٨٠ کەس خەڵکی بێتاواندا نا و باسی لەوە کرد کە پاش هەڕەشەکانی ئامریکا بۆ هێرش کردنە سەر ڕێژیمی ئێران، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە مەبەستی وڵامدانەوەی هەڕەشەکان لە ئامادەباشیدا بوون.

هەروەها لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە بەهۆی ئەوەی کە فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە نزیکی یەکێک لە پایەگا گرینگەکانی سپای پاسداراندا بووە، هەڵەیەکی مرۆیی ڕووی داوە و کراوەتە ئامانجی مووشەکەکانی ئێران.

"حەسەن ڕووحانیـ"ـش لە تویتێکدا باسی لەوە کردووە کە بەهۆی هەڵەی هێزە چەکدارەکانەوە ئەم ڕووداوە ڕووی داوە.

"ڕووحانی" لەم تویتەدا باسی لەوە کردووە، بۆ چارەسەرکردنی لاوازییەکانی سامانەی پەدافەندیی ڕێژیم، ڕێوشوێنی پیویست دەگرنە بەر. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە ڕێگەی میدیاکانەوە باس لە پێشکەوتووبوونی سامانە مووشەکییەکەی خۆی دەکات و زۆرجاریش هەڕەشە لە وڵاتانی زلهێز وەکوو ئامریکا و ئیسرائیل دەکات.

لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتیی ئێرانی گیانیان لەدەست دا کە لەم نێوانەدا چەندین کەس لە قوربانییان لە ڕۆڵە بلیمەتەکانی کوردستان بوون کە بۆ دریژەدان بە خوێندن و هەروەها دابینکردنی داهاتوویەکی گەش، وڵاتی کانادایان بۆ ژیان هەڵبژاردبوو کە گیانلەدەستدانی ئەم کەسانە خەسارێکی زۆر گەورە بۆ داهاتووی ئێران و کوردستان بەئەژمار دێت.