کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستادەکانی بەناو هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە بایکۆت کراوه

12:23 - 15 جۆزەردان 2721

لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ستادی بەناو بەربژێرەکان لەلایەن خەڵکەوە بایکۆت کراوە و کەس ڕوویان تێ ناکات.

لە شاری پیرانشار ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی چەند جاش و بەکرێگیراوی خۆی لە شەقامی "قودس" ستادێکی بۆ "ئیبراهیم ڕەئیسی" داناوە و هیچ کەس سەردانی ناکات.

لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆرای شار و گوندەکان؛ بەکرێگیراو و مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران دەستیان بە پروپاگەندا کردووە.

''ئیبراهیم ڕەئیسی'' یەكێک لە كەسە نزیكەكان لە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و خامنەیی چەندین جار لە پۆستی هەستیاردا دایناوە، نابراو لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بووە و بڕیاری کوشتنی هەزاران کەسی داوه‌.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ ١٣ـەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی خۆی لە حاڵێکدا بەڕێوە دەبات کە لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی بەرەوڕووە و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران، ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە و بەپێی ڕاپرسییەکان کەمتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەکەن.