کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سروشتی کوردستان تاڵان دەکرێت

09:10 - 10 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وێران و تاڵانکردنی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانەوە درێژەی هەیە.

سروشتی کوردستان لە بواری دارستان، لێڕەوار، لەوەڕگە و باقی سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە وڵاتێکی دەوڵەمەندە کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و هەم لە ڕێگای بەناو پڕۆژە ئاوەدانکردنەوەکانی و دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە سروشتی کوردستان لەناو دەبات.

لەو پێوەندییەدا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ دارستانەکانی ئەو شارە دەبڕن و کەڵکی شەخسیی خۆیانی لێوەر دەگرن.

لەناوبردنی دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تەنیا شارێک یا ناوچەیەکی تایبەت ناگرێتەوە بەڵکوو لە زۆربەی شارەکانی کوردستانەوە داری دارستانەکانی دەبڕدرێنەوە و دواتر بۆ شارە فارس‌نشینەکان بەڕێ دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە کەسانی هەلپەرست یا کەسانێکی سەر بە ڕێژیم دارستانەکانی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی ڕێژوو دەبڕن.

بڕینەوە و لەناوبردنی ئەم دارانە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت، کە زۆربەی چالاکانی ژینگەپارێزی بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر و فەرهەنگسازی لە نێو خەڵکدا لە هەوڵی ئەوەدان کە بە چاندنی بەڕوو، دارستانەکانی کوردستان بپارێزن.

بڕینەوەی دارەکانی زاگرۆس و گواستنەوەیان بۆ شارەکانی دیکە،  قاچاغکردنی ئەم دارانەیە کە ڕووی لە زیادبوونە و ئیدارەی جەنگەڵبانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە ژێر دەسەڵات و هێژموونیی ڕێژیمی ئێراندا، لەم بارەوە ڕێگە خۆشکەرە و لە جیاتی بەرگریکردن لەم کارە، دەرفەتی باشتر دروست دەکات.