کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سرویسی ئەمنییەتیی سوئید ئێرانی بە هەڕەشەی ئەمنییەتی لە قەڵەم داوە

18:34 - 7 بانەمەڕ 2721

پۆلیسی ئەمنییەتیی سوئید "سێپۆ" لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە ساڵی ٢٠٢٠، سێ وڵاتی ڕووسیە، چین و ئێرانی وەک چالاکترین هەڕەشەی ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی لە سوئید ناساندووە.

ئەو ڕاپۆرتە هەر ساڵە جدیترین هەڕەشە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی سوئید لە ساڵی ڕابردوودا و هەروەها ئەو لێگەڕانەی کە لە ساڵی داهاتوویدا لەگەڵیان بەرەوڕوو دەبێت هەڵدەسەنگێنێت.

لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەو ناوەندەدا ، کە لەم دواییانەدا بڵاو کراوەتەوە، ئێران، ڕووسیە و چین، وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەتی سوئد ناسێندراون و ناوی ئێران ١٤ جار وەکوو هەڕەشە لەو ڕاپۆرتەدا نووسراوە.

ئەو سرویسە ئەمنییەتییە نووسیویەتی: "ئێران لە بوارەکانی پیشەیی، لێکۆڵینەوەیی و زانکۆییدا لە سوئید زانیاری کۆ دەکاتەوە و ئامانجی سەرەکیی ئەو چالاکییانە کۆکردنەوەی زانیاری لە دژبەران و ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئێرانە کە دانیشتووی سوئیدن".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵانی ڕابردوودا، سوئید بووەتە شوێنێک بۆ مۆرە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران و سیخوڕی و هەروەها بەرنامە داڕشتن بۆ هێرشە تێرۆریستییەکان.