کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای لەسێدارەدان بۆ بکەرانی تیزاب‌ڕشتن پەسەند کرا

13:33 - 20 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەپێی پەسەندکراوی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، تیزاب‌ڕشتن بە مەبەستی تۆقاندن و دروستکردنی نائەمنی بە "افساد فی الارض" دەناسرێت و سزاکەی دەبێ مردن بێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، مەجلیسی رێژیمی ئێران بە پەسەندکردنی گەڵاڵەیەک بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی تیزاب‌ڕشتن،  ئەو کەسانەی کە کاری تیزاب‌ڕشتنیان بە مەبەستی تۆقاندن و دروستکردنی نائەمنی ئەنجام داوە، بە "مفسد فی الارض" ناسیوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دیاری کردوون.

پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە لە حاڵێکدایە، کە قوربانیانی تیزاب‌ڕشتن بە بەردەوامی داوایان لە مەجلیس کردووە، بە پەسەندکردنی گەڵاڵەیەکی تایبەت پێش بە کڕین و فرۆشتنی تیزاب بگیرێت یان لانیکەم ئەم کڕین و فرۆشتنە سنووردار بکرێتەوە.

مەرزیە ئیبراهیمی یەکێک لە قوربانیانی تیزاب‌ڕشتنە زنجیرەییەکانی شاری ئێسفەهانە، کە چاوێکی خۆی لە دەست داوە لە مەجلیسدا باسی لەوە کردووە، کە سزای لەسێدارەدان دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی توندوتیژی و باسی لەوە کردووە: زیندانی هەتاهەتایی باشترین سزا بۆ ئەو کەسانەیە.

تیزاب‌ڕشتن یەکێک لە دیاردەکانی کۆمەڵگای ئێرانە و قوربانیانی ئەم جۆرە لە توندوتیژی زیاتر ژنانن. ئامارێکی ورد سەبارەت بە ڕێژەی تیزاب‌ڕشتن لە ئێراندا بوونی نییە، بەڵام زۆرترین ڕێژەی قوربانیان کەسانێکن کە بە هۆی ڕقی تایبەت و کەسیی هاوسەرەکانیان یان بنەماڵەی هاوسەرەکانیان، بەم شێوەیە هێرشیان کراوەتە سەریان.

تیزاب‌ڕشتنە زنجیرەییەکانی ساڵانی ڕابردوو کە لە شاری ئێسفەهانەوە دەستی پێ کرد، زیاتر پاش فتوای ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم بوو کە باسیان لە دژایەتی لەگەڵ بێ حیجابی دەکرد، هەر بۆیە زۆربەی قوربانیان لە شاری ئێسفەهان کەسانێک بوون، کە بەهۆی لەبەرکردنی مانتۆیەکی کورت یان لەدەرەوەبوونی تاڵێک لە قژیان لە لایەن کەسانێکی بیرتەسکەوە هێرش کرابووە سەریان.

بەرپرسانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە جیاتی سنووردارکردنی کڕین و فرۆشتنی تیزاب، حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بکەرانی ئەم توندوتیژییە پەسەند کردووە، لە حاڵێکدا کە ئەم سزایە هیچ لە ئازاری لەدەستدانی جوانی و هیوا بە داهاتوو لە قوربانیاندا ساڕێژ ناکات.