کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سعوودیە پشتیوانیی خۆی لە ئامریکا دووپات کردەوە

10:35 - 7 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی  کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەرەڕای ئەوەی کە پشتیوانیی خۆی لە ئامریکا دووپات کردەوە، ئاشکرای کرد کە هەتا ئێستا ١٩٩ مووشەکی ڕێژیمی ئێران لە لایەن حوسییەکانەوە بۆ عەرەبستان هاوێژراوە.

"عادل ئەلجوبەیر" وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودیە لە وتاری خۆیدا لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسی لە ڕێگا چارەی ئاشتیانە بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی و شەڕ لە ناوچەدا کرد.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە حوسییەکانی یەمەن کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن بەردەوام مووشەک هاوێژی بۆ عەرەبستان دەکەن و هەتا ئێستا ١٩٩ مووشەکی بالیستیکی لە لایەن حوسییەکانەوە بۆ عەرەبستان هاوێژراون.

ئەلجوبەیر لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆی لە  ناوچەدا بهێنێت. هەرەوها کۆتایی بە شەڕەنگێزی و ئاژاوەکانی خۆی لە ناوچەدا بهێنێت کە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.

چەند ڕۆژ پێش عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییە، لە دانیشتنی هزرگەی "شۆرای پەیوەندییەکانی دەرەوەی نیۆیۆرک"، کە بەشێکی باسەکە تایبەت کرابوو بە ئێران، ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرتوو و ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ ڕۆڵێکی لە جیهانی عەرەبیدا نییە، جگە لەوەی کە ئەم ناوچانە بەجێ بێڵێت".

وەزیری دەرەوەی سعوودییە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی  بە سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا داوە و وتوویەتی: "ئێمە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەوەستینەوە...ئەم ڕێژیمە پایەدار نییە".