کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سفرەکان لە دراوی ئێرانی دەسڕدرێنەوە

13:33 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە پلانی نوێی کۆمسیۆنی ئابووریی ڕێژیمدا، چوار سفر لە دراوی ئێرانی دەسڕدرێتەوە و ڕیاڵ جێگای خۆی دەدا بە تمەن.

پاش دووبارەکردنەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەڵاوسانی ئابووریی ئەم وڵاتە و دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی، بابەتی چاکسازیی دراوی ئێرانی، بۆ جارێکیتر بووەتەوە ڕۆژەڤی ئابووریی ڕێژیم.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، پلانی چاکسازیی دراوی ئێران بۆ جارێکی دیکە لە لایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە، پێشکەشی کۆمیسیۆنی ئابووریی کابینەی ڕۆحانی کراوە.

لەم پلانە ئابوورییەدا، چوار سفر، لە دراوی ئێرانی دەسڕدرێتەوە و بەم پێیە، یەک تمەنی نوێ بەرانبەرە لەگەل ١٠ هزار ڕیالی پێشوو و سەد ڕیاڵی نوێ.

هەروەها ئەو پلانە نوێیە دەبێتە هۆی نەمانی ڕیاڵ و هاتنەوەی تمەن وەک دراوی ئێرانی.

 ئەم هەوڵانەی ڕیژیم، رێکارگەلێکن بۆ دەربازبوون لە هەڵاوسانی ئابووریی بەرچاو لە ئیراندا، کە بە هۆی گەمارۆوە ئابورییەکانی ئامریکاوە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، نرخی هەڵاوسانی ئابووری تەنیا لە ساڵی ٩٧دا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٧ لەسەد.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە دانیشتنێکی فەرمیدا بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیم، بڕیاری لابردنی ڕیاڵیان لە دراوی ئێرانی و جێگیرکردنی تمەن وەک دراوی فەرمی دا، کە هەنووکەش بە کردەوەیی نەکراوە.