کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سفرەی خەڵکی ئێران بەتایبەت کرێکاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەتاڵتر دەبێت

17:49 - 20 رێبەندان 2721

بەپێی یاسایەک کە لە ڕۆژی ٦ی ڕەشەمەی ١٣٧٠ی هەتاوی لە مەجلیسی ڕێژیم پەسند کراوە، لانیکەمی جێژنانەی کرێکاران لە ئێران بەرابەرە لەگەڵ حەقدەستی ٦٠ ڕۆژ و لانیزۆریشی بەرابەرە  لەگەڵ ٩٠ ڕۆژی کاریان.

بە پشتبەستن بەو یاسایە، کرێکاران دەبێ لە نەورۆزی ١٤٠١دا، ٥ هەتا ٧ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن جێژنانە وەرگرن کە لەگەڵ تێچووی سەبەتی بژێوی ژیانی بنەماڵەکان مەودایەکی زۆری هەیە.

نوYنەری کرێکاران لە شورای باڵای کار بڵاوی کردووەتەوە کە تێچووی سەبەتی بژێوی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە ئێران ٨ ملیۆن و ٩٧٩ هەزار تمەنە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە چالاکانی کرێکاری وتوویانە: "ئەو ژمارەیە ڕاست نییە و زۆرێک لە پێداویستیی کرێکاران و بنەماڵەکانیان دابین ناکرێت و داواکانیان لەبەرچاو ناگرێت".

لەئێستادا جێژنانەی کرێکارێک بەرابەرە لەگەڵ بەهای ٥ فەردە برینجی ئێرانی کە لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی بە ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن جێژنانە ١١ تەلیس برینجان دەکڕی.

"فەرامەرز تۆفیقی" سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستیی شورای باڵای کار کە یەکێک لەو کەسانەیە بەپێی تێچووی سەبەتی بژێوی ژیان، بەرزکردنەوەی ١٠ لەسەدی حەقدەستی کرێکارانیان هێناوەتە بەرباس وتوویەتی: "هەرچەند دەوڵەتی هەتا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی کە مووچە وەردەگرن بارودۆخیان لە کرێکاران باشتر نییە".

هەروەها "ڕەحمەتووڵڵا نەورۆزی" نوێنەری مەجلیسیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە "زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەسی خەڵکی ئێران توانای کڕینی گۆشتیان نییە بەشێوەیەک کە بەشێک لە کرێکار، فەرمانبەر و خانەنشینکراوان گۆشت ناکڕن".

 بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەر و سەرسووڕهێنەری نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان بووەتە هۆی ئەوە خەڵکی ئێران چیدیکە توانای کڕینیان نەمێنێ و سفرەی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بەتاڵتر ببێت.