کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سفرەی هەژاران نان و هێڵکەیەکی بۆ بووەتە ئاوات

16:29 - 23 رەزبەر 2721

زاگرۆس

ئێران وەک یەکێک لە ١٠ وڵاتی دەوڵەمەندی دنیا لەباری سەرچاوەکانەوە خاوەن حەشیمەتێکی زۆری هەژارانە کە ڕۆژبەڕۆژ ئەم ڕێژەیە زیاتر دەبێت و بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ دابینکردنی ئاساییترین خواردنەکانیش لەگەڵ گەورەترین کێشەکان بەرەوڕوو دەبنەوە و خواردنی ژەمەچێشتێکی گەرم  لەن شەو و ڕۆژێکدا بۆ زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەم جوغڕافیایە بووەتە ئاواتێکی دەسپێڕانەگەیشتوو.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە دەیەی نەودی هەتاویدا یانی لە ساڵەکانی ١٣٩٠وە تا ١٤٠٠ ڕێژەی هەژارانی ئێران دوو هێندە زیادی کردووە و چوار ملیۆن کەسی دیکە هاتونەتە ژێر هێڵی هەژاری کە بەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان هەر کەس ڕۆژی ٥/٥ دۆلار لە ڕۆژدا داهاتی نەبێت ئەم هێڵی هەژارییە دەیگرێتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس لە چینی نێونجی چونەتە نێو توێژی نێونجی بۆ خوارەوە و پێگە و داهاتی ئابوورییان لەدەست داوە‌. ناوەندی ئاماری ئێرانیش بڵاوی کردۆتەوە کە زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە حەشیمەتی ١٥ ساڵ بۆ سەرەوەی خەڵکی ئێران بێکارن و هێڵی هەژاری گەیشتووەتە ١١ ملیۆن تمەن.

 هەر لەمبارەوە یووسف داودی بەناو نوێنەری خەڵکی سەراب لە مەجلیس ڕایگەیاندووە بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی بانکی ناوەندی هێڵی هەژاری لەمساڵدا گەیشتووەتە ١١ ملیۆن تمەن بەو واتایەی ئەگەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە هەیڤدا کەمتر لە ١١ ملیۆن داهاتی بێت لەژێر هێڵی هەژاریدایە و بەم پێیە زیاتر لە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

هەموو تاکێک مافی خۆیەتی کە خاوەن ئاستێکی باش لە ژیان بێت بۆ دابینکردنی سڵامەتی و خۆشگوزەرانی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەت لەباری دابینکردنی خواردنەکان، خانوو و جلوبەرگ، چاوەدێری پزشکی و خزمەتگوزاری پێویستی کۆمەڵایەتیەوە. ئەمە بەشێکە لە مادەی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و بە دروستی ئاماژە بە هەندێ پێداویستی سەرەتایی دەکات کە هەر تاکێک مافی سەرەتایەتی خاوەنیان بێت بۆ ئەوەی کەرامەتی پارێزراو بێت و ئێمە لەم نووسراوەدا هەوڵ دەدەین بەپێی ئامارە جێگە باوەڕەکان ڕێژەی پارێزراوبوونی ئەم مافە سەرەتاییەی خەڵکی دانیشتووی جوغرافیای ئێران لێک بدەینەوە.

هەر کەس لە شارەکانی ئێراندا سەردانی گەڕەكە پەراوێزنشینەکان بکات و لەو گەڕەکانەشدا سەردانی نانەواخانەکان بکات بۆی دەردەکەوێ کە لە هەر کۆڵانێکدا چەندین بنەماڵە هەن کە نانی وشکی سەرسفرەکانیان بە قەرز وەردەگرن و تەنانەت توانای دابینکردنی سەرەکیترین خواردنەکانیشیان نییە و زۆرن ئەو بنەماڵانەی کە کارتی یارانەکانیان بارمتەی دەس خاوەن نانەواخانەکانە و چەندین ساڵیشە یارانەکانیان تەنیا بەشی کڕینی نانەکەیان دەکات.

 بەپێی ئاخرین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی یانی نزیکەی پەنجا لەسەد و هەڵاوسانی خواردەمەنی دەهەکەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا ٦١ لەسەدی تێپەڕاندووە. لە مانگی ئاوریلیشدا سندووقی نێونەتەوەیی دراو نێونجی داهاتی مانگانەی هاووڵاتیانی ١٦٠ وڵاتی دنیای بڵاو کردوە کە ئێران لەم ڕیزبەندییەدا پلەی ١٦٠ بۆ خۆی مسۆگەر کردووە وەک کەمداهاتترین وڵاتی دنیا.

لەم پێوەندییەدا مەحیەدین سەعیدی بەناو نوێنەری خەڵکی بەلووچستان باس لەوە دەکات کە بنەماڵەکان تەنانەت نان و هێلکەیەکیان بۆ بووەتە خەون و خەیاڵ؛ کرێکارێکی شارەداری مەریوانیش لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیلنا بە ئاماژە بە چکۆلەتربوونەوەی سفرەی کرێکاران دەڵێت: "بۆ چەند مانگ دەچێت کە گۆشتی سوورمان نەخواردوە و ماست تەنیا کاتێک دەخۆین کە میوانمان بیت، سەردەمێک هێلکەوتەماتە خواردنی سەرەکیمان بوو، هەنووکە هێلکە هێندە گران بووە کە ئەویش لە سەرسفرەکانمان کۆچی کردووە".

"شانازی عەلیپوور" بەڕێوبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ئابادان لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنا ڕایگەیاندووە: "بنەماڵەی زۆر لە قوتابیەکانمان توانایی دابینکردنی پێنج هەزاریان بۆ وەرگرتنەوەی کارنامەی خوێندنی منداڵەکانیان نەبووە".

لەباری دابینکردنی خانووەوە خەڵکی ئێران خاوەن کەمترین توانایی بۆ دابینکردنی ئەم نیازەن؛ بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا بەبەراورد لەگەڵ خەرمانانی ١٣٩٩ نرخی خانوو ٣٠.٥ زیادی کردووە؛ هەروەها کرێ خانوویش نزیکەی ٤٥ لەسەد بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو هەڵکشاوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە ٣٠٪ی خەڵکی ئێران خاوەن خانوو نین و دیاردەی کارتۆنخەوی و گۆڕخەوی بوەتە دیاردەیەکی ئاسایی.

لەباری کڕینی جلوبەرگی شیاوەوە ئەگەر سەردانی دووکاندارانی فرۆشیاری جلوبەرگ بکەین بە باشی هەست بە قووڵی کارەساتەکە دەکەین کاتێک کە زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەم دووکاندارانە دەڵێن فروشیان ٩٠٪ دابەزیوە و ئەمەش بەپێی ئەو ئامارانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن شتێکی ئاساییە چون کاتێک بنەماڵەیەک توانای کڕینی خواردن و دابینکردنی خانوی وەک شوێنی ژیان نەبێت چۆن دەتوانێ جلوبەرگ دابین بکات.

لەباری ئاستی چاوەدێری پزشکی و خزمەتگوزاری پێویستی کۆمەڵایەتیشەوە خەڵک لە دۆخێکی قەیراناویدا ژیان بەسەر دەبن و زۆرن ئەو نەخۆشانەی کە لەبەر تێچووی زۆری دەواودەرمان و خزمەتگوزاری پزشکی توانای چوونە نەخۆشخانەکانیان نییە و هەر بەم هۆیەش زۆر نەخۆشی کە دەکرێ لە سەرەتاوە بە چوونە لای پزشک چارەسەر بکرێت بەڵام بەهۆی دەسکورتی و نەچوونە لای دوکتور دەبێتە نەخۆشییەکی سەخت و لە زۆر حاڵەتدا دروسبوونی نەخۆشی چارەسەرنەکراو.

هەر لەم پەیوەندیەدا بەپێی هەواڵی ناوەندی نەوەدی ئابووری نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانی وڵاتدا لە نێوان ساڵەکانی ١٣٧٩تا `٣٩٧دا دەبووایە ٣٥ لەسەدی گشت تێچووی دەرمانەکەیان بدەن، کە ئەم ڕێژەیە دوو هێندەی نێونجی جیهانیە و بێگومان ئەم ڕێژە لە ئێستادا هەڵکشانی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە و ئەو کەسانەش کە خاوەن دەفتەرچەی بیمەن دەزانن کە زۆربەی دەرمانەکان و تێچوەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان هیچ بیمەیەک نایگرێتەوە و نەخۆش و بنەماڵەکانیان دەبێت لە گیرفانی خۆیان ئەم تێچووانە بدەن ئەگەر توانای چون بۆلای دوکتوریان هەبێت.

بەشی دووهەمی مادەی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی کە لە سەردەمی بێکاری،لەدەسدانی ئەندامێکی جەستەی، پیری و تەواوی نموونە هاوشێوەکاندا کە توانای دابینکردنی بژێوی ژیانی نییە یان بەهۆی هۆکارێکی بەدەر لە ئیرادەی خۆی ئەم توانای نامێنێ خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بۆ دابین بکرێت.

ئاستی قەیران لەمبارەوە وەک عەرەب دەڵێت: "اظهر و من الشمسە" و لەم پەیوەندیەدا تەنیا ئاماژە بە یەک ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران دەکەین کە ڕادەگەینێت؛ مووچەی مانگانەی یەک لەسەر سێی بەساڵاچووانی ئیران تەنیا بەشی دە ڕۆژ لە مانگدا دەکات و بۆ بیست ڕۆژەکەی دیکە ناچار بە وەرگرتنی قەرزن، خەڵک باش دەزانن کە ئەمە دۆخی باشترین گروپی نێو ئەو کەسانەیە کە لە بەشی دووهەمی مادەی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا ئاماژەیان پێکراوە چوون زۆربەی ئەم کەسانە نە مووچەیەکی تایبەتیان هەیە نە هیچ خزمەتگوزاریکی کۆمەڵایەتیشیان بۆ دابین دەکرێ.

تا ئێرە بەپێی ئامارە جێگەی باوەڕەکان و ئەو شتانەی کە هەر تاکێک دەتوانێ خۆی هەستی پێ بکات ئاماژەمان بە ئاستی چارەڕەشی بەشێکی زۆری دانیشتوانی جوغرافیای ئێران کرد و دیارە هەر بەپێی ئامارەکان ئاستی چارەڕەشی نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان لەم ڕێژەیەش زیاترە؛ لەم بارەیشەوە تەنیا ئاماژە بە یەک ئامار دەکەین کە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردوەتەوە کە ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، چوارمەحاڵی بەختیاری، کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد، ئیلام، ورمێ، خوراسانی باکوور و زەنجان ٥٠ لەسەدی تێپەڕ کردووە. هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە پارێزگای ورمێ زیاتر لە ٥٣ لەسەدە، کەوابوو لەم ناوەدا دانیشتوانی زاگڕۆس لەگەڵ زیاترین ئاستی هەڵاوسان و هەژاریش بەرەوڕوون.

ئامارەکان و ژیانی ئاسایی خەڵک بە ڕوونی ئاستی هەژاریی پیشان ئەدەن بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕاگەیەندنەکانی و سپا سایبرییەکەی لە هەوڵی ئەوەدان کە سەرچاوەی ئەم قەیرانانە بگەڕێننەوە بۆ دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان و گرێی بدەنەوە بە گەمارۆکانی ئەمریکا؛ ئەمە لەحاڵێکدایە بەپێی وتەی سەرۆکی پۆلیسی تەناهی ئابووری لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێژەی ئێختلاس بەبەراورد لەگەڵ پارەکە ٣٣١ لەسەد زۆری کردووە. هەروەها ٦١ لەسەد کەیسەکانی ئێختلاس زیادیان کردووە و ٩٤ لەسەدیش تاوانبارانی ئێختلاس زیادیان کردووە.

هەروەها ڕایگەیاند ڕێژەی بەرتیلدان و بەرتیلوەرگرتن  ٣٥٧ لەسەد زیادی کردووە و ڕێژەی کەیسەکانیشی ١٩ لەسەد و ڕێژەی تاوانبارانیشی ٢٨ لەسەد هەڵکشانیان بە خۆیانەوە بینیوە. بەپێی بەڵگەکان تەنیا لە یەک نموونەی ئەم ئێختلاس و دزیانەدا هێندە پارەیەکی زۆر دزراوە کە ئەگەر دابەش کرایە لەنێو حەشیمەتی ئێراندا هەر کەسە و زیاتر لە یەک ملیۆن تمەنی بەر دەکەوت کەوابوو ئاستەنگ نەک نەبوونی پارە یان گەمارۆکان بەڵکو بەڕێبەرایەتی گەندەڵ و دز و خاوەن پلانە نەک بۆ بەختەوەریی خەڵک بەڵکو بۆ چارەڕەشی و هەژارهێشتنەوەی خەڵکانی ژێردەسی و لەم پەیوەندیەدا قاڵیباف لە وتووێژ لەگەڵ "ئیسنا"دا ڕایگەیاند کە بە کەڵکوەرگرتن لە کەمترین داتا و لێکۆڵینەوەکان زیاترین بڕیارەکان دەدەین و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە بەردەوام کێشەکانمان زیاتر بێت؛ هەروەها وتی: "هیچ شوێنپێیەک لە بڕیار و بەڕێوەبەری لە وڵاتدا بوونی نییە و هیچ ڕێگەچارەیەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لەدەست بەڕێوەبەراندا نییە".

کەتواری ڕاستەقینە ئەوەیە کە هۆکاری سەرەکی تەواوی ڕۆژڕەشیەکان و هەژاریی خەڵکی ئێران و بەتایبەت ئێمەی کۆلۆنیکراوی دانیشتووی زاگرۆس دەسەڵاتی کۆلۆنالیستیی کۆماری ئیسلامیە هەر بۆیە ئەرکی گشت مافخوراوانە بە پشتیوانیکردن لە بزوتنەوەی ڕاسان هەوڵ بۆ نەهێشتنی سەرچاوەی نەهامەتیەکانمان بدەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.