کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سلێمانی؛ ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات ئاکسیۆنێکی ڕێک خست

10:25 - 17 رەشەمه 2721

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، ئاکسیۆنێکی لە شاری سلێمانی ڕێک خست.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە، ئەندامانی ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێکهاتوو لە پێنج ڕێکخراوی تایبەت بە ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاکسیۆنێکیان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی ڕێک خست.

ئەم ئاکسیۆنە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر پەیامی ناوەندنی ژنانی ڕۆژهەڵات لەلایەن خاتوو "زەینەب حوسێنی" ئەندامی ناوەندنی ژنانی ڕۆژهەڵاتەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

ناوەندی ژنان لەم پەیامەدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژووی ٨ی مارس و ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە و گرینگیی ڕێزگرتن لەم یادە، ڕایگەیاند: "ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وەک ناوەندێکی تایبەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپێی زەروورەتی کاری هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و زیاتر یەکخستنی دەنگی ژنی کورد و خواست و مافەکانی، وێڕای ئەوەی خۆی بەرامبەر پرسی ژن لە ڕۆژهەڵات بە ئەرکدار دەزانێت، لەم ڕۆژەدا پێداگری دەکاتەوە لەسەر خەبات بۆ خواست و مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای ئەوەی ڕووبەڕووی ستەمی چەندقات لەپێناو گەیشتن به یەکسانیی مرۆڤەکان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەک کە خاڵی بێت له پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و توندوتیژی و ڕزگاریی ژنان لەژێر چەپۆک و چەوساندنەوە".

لە بڕگەکانی دواتردا وێڕای پیرۆزبایی لە ژنانی بەشداربوو لە ئاکسیۆنەکە، بروشورێکی تایبەت بە ڕۆژی ٨ی مارس بۆ زیاتر ئاگایی بەخشین بە بەشداربووان بڵاو کرایەوە.

ئەم ئاکسیۆنە بە بەشداریی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەکانی ژنان، هەروەها ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بەڕێوە چوو.