کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمکۆ خلقەتی: بۆ هەمیشە لە زیندان ئازاد کرام

19:22 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، کە ماوەی چەند ساڵ بوو لە گرتووخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دابوو بۆ هەمیشە لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، سمکۆ خلقەتی، کارناسی ناوکی و زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ٩ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا.

سمکۆ خلقەتی باسی لەوە کردووە کە بە یاسای ئازادیی بێمەرج لە زیندان ئازاد کراوە و جەختیشی کردووەتەوە کە: "قورسترین سزا سەبارەت بە دۆسییەکەی من لەبەرچاو گیرابوو".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "لانیکەم (اشد مجازات) بۆ دۆسییەکەی من لەبەرچاو گیرابوو، کە پاش لێکۆڵینەوەی پێویست من لە زیندان ئازاد کرام" و ێستا من لە زیندانی شاری تەبەس ئازاد کراوم و هاتوومەتەوە شاری مەهاباد".
سمکۆ خلقەتی، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨، کە لە ڕئاکتۆری ئاوی قورس لە ئەراک خەریکی کار بوو، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

خلقەتی، دەرچووی بەشی "متالۆژیـ"ـی زانکۆی "سەنعەتی شەریفی تارانـ"ـە، کە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەراکەوە بە تاوانی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران"، بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی زیندانی ئەم زیندانییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کرا و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ش لە دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی پەسەند کرا.

ئەم کارناسە ناوکییە لە زیندانەکانی ئەراک، ئەوین، ڕەجایی‌شاری کەرەج و تەبەسدا ماوەی حوکمەکەی خۆی تێپەڕاندووە و ئێستاش بۆ هەمیشە لە زیندان ئازاد کرا.