کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کورد داوای ئازادیی مەرجدار دەکات

22:30 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی شاری تەبەس، لە پارێزگای خوراسانی باشووردا، چاوەڕوانیی ئازادکرانی بە مەرج دەکات.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، کە سمکۆ خلقەتی کارناسی ناوکی و زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد دوای ٩ ساڵ زیندان لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندا چاوەڕوانی ئازادی مەرجدارە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: ئێمە چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی یاسای ئازادیی مەرجداری سمکۆ خلقەتین و هەتا ئێستا دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، لەم بارەوە هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە و ئێمە هیوادارین کە یاسای ئازادیی مەرجدار بۆ سمکۆ خلقەتی جێبەجێ بکرێت.

ئەم کارناسە ناوکییە لەم ماوەی یەکساڵ و نیوی ڕابردوودا، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و دوو فیشی مووچە، شەش جار ئیزنی مەرەخەسی پێ دراوه.

سمکۆ خلقەتی، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨، کە لە ڕئاکتۆری ئاوی قورس لە ئەراک خەریکی کار بووە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، دەرچووی بەشی متالۆژیــی زانکۆی سەنعەتی شەریفی تارانــە، کە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەراکەوە بە تاوانی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی زیندانی ئەم زیندانییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کراوە و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ش لە دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی پەسەند کرا.

ئەم کارناسە ناوکییە لە زیندانەکانی ئەراک، ئەوین، ڕەجایی‌شاری کەرەج و تەبەسدا ماوەی حوکمەکەی خۆی تێپەڕاندووە و لە ئێستەدا لە زیندانی ناوەندی تەبەسدا زیندانییە.