کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک بە بۆنەی ٨ی مارس لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو

15:01 - 25 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، ئەنجوومەنی کولتووری زاگرۆس لە وڵاتی بلژیک سمینارێکی تایبەتی بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەنجوومەنی کولتووری زاگرۆس کە ڕێکخراوێکی کولتووری و یاساییە لە وڵاتی بلژیک، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری هارێلبێکی وڵاتی بلژیک، سمینارێکی بۆ ڕێزگرتن له ٨ی مارس به هاوكاریی كۆميتەی حيزبی دێموکرات بەڕێوە برد.

سەرەتای سمینارەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و پاشان بە ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەتی ئەو ژنە شەهیدانەی کە لە پێناوی ئامانجە نەتەوایەتی و ئینسانیەکان دا گیانیان بەخت کردوە، دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی ڕێکخراوی کولتووریی زاگرۆس لە لایەن سەیران مستەفایییەوە پێشکەش کرا و تێدا تیشک خرابووە سەر ڕوڵی کاریگەی ژن لە کۆمەڵگە و لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان.

پاشان سروودێک بە ناوی یەکسانی کە تایبەت بە ٨ی مارسە لە لایەن ئازاد مستەفاپورـەوە ئامادە کرابوو بە هاوکاری کۆڕی هونەریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بلژیک پێشکەش کرا.

پانێلی یەکەمی سمیناری ڕۆژی جیهانی ژن، لە لایەن سارا محەممەدی، مافناس و چالاکڤانی مافی ژنانەوە پێشکەش کرا. سارا محەممەدی بە وردی و بە فاکتەوە ئەو ماددە قەزایی و حقووقییانە کە لە یاساکانی ئێران ماف و کەرامەتی ژن پێشڵ دەکەن، خستە ڕوو و هەروەها هەموو لایەنەکانی پێشڵکارییەکانی مافی ژنانی لە چوارچێوەی یاساکانی رێژیمی ئێرانی شیکردەوە.

پانێلی دووهەمی سمینار لە لایەن هەرمێن ئەحمەد، نووسەر و چالاکڤانی مافی ژنان پێشکەش کرا.

هەرمێن ئەحمەد سەرەتا باسی دۆخی ژنانی کورد لە کۆمەڵگەی کوردستان لە چوار پارچە کرد و هەوڵدان و خەباتی بێوچانی ژنان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان، وەکوو میکانیزمی دەستەبەربوونی مافەکانیان دەستنیشان کرد. ئەم چالاکڤانەی مافی ژنان دواتر لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاوری لە رەهەندە جیاوازەکانی فێمینیزم و رەوتەکانی فێمینیستی دایەوە و کاریگەریی هەر کام لەم رەوتانە لە جەباتی ژنان بۆ یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی شیکردەوە.

دوایین بەشی سمیناری رێزگرتن لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن بە گۆرانییەکانی کۆڕی هونەریی کۆمیتەی حیزب و شادی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.