کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک بەبۆنەی بڵاو بوونەوەی ٦٠٠ـەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردستان و ٢٠٠ـەمین ژمارەی رۆژنامەی ئاگری، بەڕێوەچوو

20:38 - 10 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لەم سمینارەدا کاریگەریی رۆژنامەی کوردستان، پێش و پاش رووخانی کۆماری کوردستان و لایەنە جیاجیاکانی ئەو رۆژنامەیە هەڵسەنگێنرا.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٠ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، سمینارێک بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی ٦٠٠ـەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردستان و ٢٠٠ـەمین ژمارەی رۆژنامەی ئاگری، بە بەشداریی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و ئاکادێمی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەم سمینارە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر بەڕێز ناهید حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی بەشی چاپەمەنیی راگەیەندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، پەیامێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
لە پانێلی یەکەمی ئەم سمینارەدا بەڕێز هیمداد حوسێن مامۆستای زانکۆ باسێکی پێشەکش کرد و لە باسەکەیدا وێڕای شی کردنەوەی لایەنە پرۆفیشناڵەکانی کوردستان وەکوو رۆژنامەیەکی پێشکەوتوو لە سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستاندا، جەختی لەسەر جێگەی و پێگەی رۆژنامەی کوردستان لە رۆژنامەگەریی کوردیدا کردەوە.
لە پانێلی دووهەمدا بەڕێز شادمان مەلا حەسەن رۆژنامەڤان، باسێکی لەسەر رابردووی رۆژنامەی کوردستان و پێشنیارەکان بۆ داهاتووی ئەو رۆژنامەیە و قۆناغە جیاجیاکانی بڵاو بوونەوەی رۆژنامەی کوردستان پاش رووخانی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.
لە کۆتایی ئەم پانێلەدا بەڕێز هیمداد حوسێن، کتێبیکی خۆی لەژێر ناوی رۆژنامەوانیی کوردی لە سەردەمی کۆماری دێمۆکراتیکی کوردستاندا پێشکەش بە بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کرد.
پانێلی دووهەمی سمینارەکە بۆ بەڕێزان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی و بەرپرسی راگەیاندنی حیزبی دێمۆکرات و محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب و یەکەم سەرنووسەری رۆژنامەی ئاگری تەرخان کرابوو.
لە بەشی یەکەمی پانێلی دووهەمدا بەڕێز شەرەفی باسێکی لەسەر گرینگی و ئامانجەکانی بڵاو بوونەوەی رۆژنامەی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پێشکەش کرد و وێڕای تیشک خستنە سەر تایبەتمەندییەکانی رۆژنامەی کوردستان و جیاوازیی ئەو تایبەتمەندییانە لە سەردەمەکانی پاش کۆماری کوردستان بەپێی هەرڵومەرجی سیاسیی سەردەم شی کردەوە.
پاشان بەڕێز محەممەد ساڵح قادری لەسەر بیرۆکەی دامەزرانی رۆژنامەی ئاگری چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لەسەر ئامانجەکانی دامەزرانی ئەو رۆژنامەیە لە گەیاندنی دەنگی خەباتی مافخوازانەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە پارچەکانی دیکەی کوردستان و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری کاریگەریی ئەو خەباتە لە ناوچەکانی باکووری کوردستانی ئێران، بۆ بەشداران دوا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا لەوحی رێزلێنان بەبۆنەی بڵاوی بوونەوەی ٦٠٠ـەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردستان و ٢٠٠ـەمین ژمارەی رۆژنامەی ئاگری، لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجرییەوە پێشکەش بە بەڕێزان ناهید حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی چاپەمەنیی راگەیاندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێز شەهاب خالیدی بەرپرسی رۆژنامەی ئاگری پێشکەش کرا.
لە بەشی کۆتایی ئەو سمینارەشدا، پرسیار و تێبێنیی بەشداران ئاراستەی بەڕێوەبەرانی سیمنارەکە کرا و دواتریش وەڵام درانەوە.