کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی تەشکیلاتی لە وڵاتی نۆروێژ بۆ حەسەن شەرەفی بەڕێوە چوو

14:45 - 29 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لە سمینارێکی تەشکیلاتی‏دا کە لە وڵاتی نۆروێژ بۆ حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو، ناوبراو باسی لە ڕووداوەکانی دنیا و هەروەها ناوچە و کاریگەریی ئەو ڕووداوانە لەسەر کێشەی کورد بە گشتی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی،سمینارێکی تەشکیلاتی لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بۆ حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنرا.

لەم سمینارەدا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەشداریان کرد.

تەوەری گشتی باسەکانی شەرەفی، لەو سمینارەدا بریتی‌بوون لە؛ کورتەیەک لە ڕووداوەکانی دنیا و هەروەها ناوچەکە و کاریگەریی ئەو ڕووداوانە لەسەر کێشەی کورد بە گشتی لە ڕوانگەی ناوبراوەوە.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییانەی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی و هەروەها هەڵسوکەوتی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی داعش لە ناوچەکەدا و دابەش‌بوونی زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچە بەسەر دوو بەرەی شەڕدا باسێکی دیکەی ئەم سمینارە بوو.

هەروەها، حەسەن شەرەفی باسی لە کاروچالاکیی ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی بە گشتی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کرد.
لەو بەشەدا شەرەفی پێداگریی لەسەر بوونی پێوەندیی حیزب لە گەڵ دیکەی حیزبەکانی ئێرانی کرد، بۆ ئەوەی بتوانن لە درێژخایەندا زیاتر سەرنجی ئەوان بۆ لای کێشەی کورد لە ئێران ڕابکێشین کە لە ئێستادا زۆربەی ئەو حیزب و سازمانانە بڕوایان بە فرەنەتەوە بوونی ئێران نییە و زیاتر پێداگریی لەسەر یەکپارچەیی ئێران وەکوو یەک وڵات و یەک نەتەوە دەکەنەوە.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەمەڕ مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی ئێران کە ڕێژیم دەیهەوێ لە ٧ی ڕەشەمەی ئەوساڵ بەڕێوەی ببا، ناوبراو لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە شتێک بە ناوی پارلەمان و مەجلیسێک کە نوێنگەی ئیرادەی خەڵک بێ، بوونی نیە و تەنیا شوێنی کۆبوونەوەی ئەندامانی ئورگانێکە کە شوورای نیگابان ڕێگەی پێداون تێیدا بەشدار بن و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە، جگە لە شەرعیەتدان بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.