کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی سیاسی له لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ـ فینلاند بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز بەڕێوه‏ چوو

20:53 - 3 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: سمینارێکی سیاسی له لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له وڵاتی فینلاند ،به بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوه‌‏چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممه ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، له وڵاتی فینلاند لە شاری تورکوو، له لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە سمینارێکی سیاسی بۆ ئیبراهیم لاجانی خەباتکاری دێرینی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بە بەشداریی نوێنەرایەتی چەند پارت و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی له وڵاتی فینلاند، ڕێکخرا.

سمینارەکە به سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پەیامی کۆمیته‏ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له وڵاتی فینلاند، له لایەن کەریم حەبیبیبەرپرسی تەشکیلاتی گشتی حیزبی دێموکرات له وڵاتی فینلاند پێشکەش کرا.

لە پەیامەکەدا،کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ـ فینلاند، وێڕای پیرۆزبایی‌کردنی
ڕۆژی مێژوویی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، هێنابووی که؛ له نێو هەموو گەلانی جیهاندا ڕۆژێکی تایبەت دیاری کراوه بو ڕێزگرتن له فیداکاری وقارەمانیەتی ڕۆڵەکانی خۆیان که له پێناو خاک و نیشتمانی خۆیاندا فیداکارییان کردووە و ڕۆڵەکانی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش مافی خۆیانه که له کوردستان، ڕۆژێکی تایبەتیان هەبێت، ئەگەرچی پێشمەرگه شایانی ئەوەیه که هەموو ڕۆژێکی وەک ڕێزلێنان بۆ دیاری بکرێت.

لە پەیامەکەدا وێڕای هێما به قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگه له مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا، کە دەیان جار پێشمەرگه له مەیدانی کردەوەدا دوژمنی بەچووکدا هێناوه و پشتیوانیی وبەشداریی پێشمەرگه له هەموو بەشەکانی کوردستان له شەڕی دژی داعش له باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی به باشترین دەستکەوتی سەردەمی ئێستای پێشمەرگه به نموونه باس کراون.

لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتدا، ئاماژە به ڕۆژی ئاڵای کوردستان و هەڵکردنی بۆ یەکەم جار له لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوه له شاری مهاباد، له ساڵی ١٩٢٤ی هەتاوی کرا و حیزبی دێموکرات وەک داهێنەری نێوی پیرۆزی پێشمەرگه و ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، وەک ڕۆژی پێشمەرگه و یەکەم حیزبی مۆدێڕنی نێو بزۆتنەوەی گەلی کورد و دامەزرێنەری یەکەم کۆماری کوردستان له ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک له دەستکەوته سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات له مێژووی خەباتی نەتەوایەتی‌دا، به نموونه باسیان لێوه کرا.

لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا، تێکۆشەری ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئیبراهیم لاجانی وتەکانی خۆی پێشکەش کرد.

دواتر پەخشانێک لەسەر وەسفی قارەمانیەتییەکانی پێشمەرگه له لایەن فازڵ سوڵتانپەناوە خوێندرایەوە.

هەروەها پەخشانێک به‏ بۆنەی ڕۆژی پیرۆزی پێشمەرگەوه له لایەن کەژاڵ نەقشبەندیەوە خوێندرایەوە.
لەو سمینارەدا، ئەم حیزب و لایەنانە بەشدار بوون و پایامی خۆیان پێشکەش کرد:

پەیامی لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستان له وڵاتی فینلاند، له لایەن مامۆستا حەکیمەوە پێشکەش کرا.

هەیئەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، به سەرپەرەستی خاتوو پەروین خاڵندی.

هەیئەتی کۆمیتەی بزووتنەوەی دێموکراتیکی یارسان، به سەرپەرەستی بەشیر ئەمیر خانی.

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان له لایەن مەهتاب محەممەدیان بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان له وڵاتی فینلاند، پێشکەش کرا.

پەیامی فراکسیۆنی کۆمەڵه کوردییەکان له وڵاتی فینلاند، له لایەن مەجید حەقیەوە پێشکەش کرا.