کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سندووقی نێونەتەوەیی پارە: چاوەڕوان دەکرێت هەڵاوسان لە ساڵی ١٤٠٠دا لە ئێران بگاتە ٣٩ لەسەد

13:27 - 18 خاکەلێوه 2721

سندووقی نێونەتەوەیی پارە لە نوێترین ئامارەکانی خۆیدا لە ئابووریی جیهان ئاماژەی بە ئامارەکانی ئێرانیش کردووە و وتوویەتی کە نرخی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودی هەتاویدا ٣٦.٥ لەسەد بووە و چاوەڕوان دەکرێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەو ژمارەیە بگاتە ٣٩ لەسەد.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین نرخی هەڵاوسانی لە جیهاندا هەیە و تەنیا چەند وڵات زیاتر لە ئێران لەگەڵ نرخی زۆر بەرەوڕوون.

ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوە، لە ماڵپەڕی سندووقی نێونەتەوەیی پارە بڵاو کراوەتەوە، هەروەها گەشەی ئابووریی ئێرانی لە ساڵی ٩٩دا، کۆ ١.٥ لەسەد خەمڵاندووە، لە حاڵێکدا کە لە ڕاپۆرتی پێشوویدا کە پاییزی ساڵی ڕابردوو بڵاو کرابووەوە، ئەو ژمارەیە کەمی ٥ لەسەد مەزەندە کرابوو.

ئەو ڕاپۆرتە زیادی کردووە کە لە ساڵی ١٤٠٠دا چاوەڕوان دەکرێت کە گەشەی ئابووریی ئێران، کۆ ٢.٥ لەسەد بێت.

سندووقی نێونەتەوەیی پارە هەروەها وتوویەتی کە نرخی بێکاری لە ئێراندا ساڵی ڕابردوو ١١.٢ لەسەد بووە و بۆ ساڵی داهاتوو دەگاتە ١١.٧ لەسەد.