کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنه و کرماشان زیاترین ئاماری تەڵاقیان لە کوردستاندا هەیە

19:29 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، نوێترین و دوایین ئاماری لەبارەی تەڵاق و ژیانی هاوبەشیدا لە ئێران و کوردستاندا بڵاو کردەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زاری "سەیفوڵڵا ئەبووتۆرابی"، وتەبێژی ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسییەتی، دوایین ئاماریان لەبارەی تەڵاق، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، مەرگ و میر و لەدیکبوون لە ئێران و کوردستاندا بڵاو کردەوە.

ئەو ئامارەی ئەو بەپرسەی ڕێژیمی ئێران ئاماری ساڵی ڕابردوو تا ١٥ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە چوار بەشی سەرەکیدا لە خۆوە دەگرێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تا ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٦٠٥ هەزار و ٤٠٤ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و ١٧٦ هەزار و ٩٢٤ تەڵاقیش تۆمار کراوە.

وتەبێژی ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسییەتیی ڕێژیم بڵاوی کردەوە، پارێزگاکانی سنە، لورستان، خوراسانی باکوور، ئەردەبێڵ و خوزستان زیاترین ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و پارێزگاکانی سمنان، ئەلبۆرز، تاران، بووشێهر و ئیسفەهان کەمترین ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان هەبووە.

بەپێی ئەو ئامارە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پارێزگای سنه هاوکات زیاترین ئاماری تەڵاقیشی هەبووە و کرماشان پلەی دووهەم و پارێزگای ئیلامیش کەمترین ئاماری تەڵاقدانی هەبووه.

نێونجیی تەمەنی پیاوان لە ئاماری تەڵاقدا ٣٦.٥ و ژنان ٣١.٦ بووە.
ئەو ئامارە لە کاتێکدایە کە به وتەی بەرپرسانی ڕێژیم بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق له ئێراندا، بووەتە دیاردەیەکی تۆقێنەر که هاوتای بێکاری و ئێعتیاد بەرۆکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووەتەوە؛ بەچەشنێک کە بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، له کۆی چوار حاڵەتی هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، حاڵەتێکی تەڵاق دێتە ئاراوە.

وەرزی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە بەپێی ئامارەکان، ڕۆژانه لە ئێراندا، ٤٩٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکرێت.