کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنووری "پەرویزخان" زیاتر کێشەی بۆ خەڵک هەیە

11:04 - 8 سەرماوەز 2720

سنووری "پەرویزخان'' کە دەروازەیەکی بازرگانییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەهۆی ئەوەیکە خزمەتگوزاریی ئاوەدانکردنەوەی لێ ناکرێت، وێرانەیە.

کرێکارانی ئەو دەروازە بازرگانییە باس لەوە دەکەن، کێشەکانی ئەو سنوورە ئەوەندە زۆرە کە زیاتر بێ هیوایی بۆ کرێکاران و خەڵک هەیه هەتا قازانجێک بۆ بەر و گیرفانیان.

بارودۆخی سنووری "پەرویز خان" بەهۆی باران بارین دۆخێکی زۆر شپرزی دەبێت و ئەو شوێنە هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە و تەنانەت شوێنێکی بۆ حەسانەوەیەکی کاتی نییە.

کرێکاران دەڵێن، بیمەی خانەنشینکراویمان نییه. شیرکەتەکان مانگانە سێ ڕۆژ پارەی بیمه دەخاتە حیسابی  کرێکاران کە زۆربەی کاتیش پارەی ئەو سێ ڕۆژەش نادات. کرێکاران تەنیا بیمەی دەرمانیان هەیه کە ئەویش وەک خۆیان دەڵێن لەگەڵ بیمەی ئازاد جیاوازییەکی وای نییه.

بەپێی یاسا دەبێ کرێکاران بۆ خاڵیکردنی باری ماشین بە نۆره بچن، بەڵام شیرکەتی کرێکاری، پارتیبازی و ئاشنابازی دەکات.

شیرکەتەکان بۆ قازانجی خۆیان لە کرێکاری ئازاد کەڵک وەردەگرن و بۆ خاڵیکردنی هەر بارێک تەنیا ۵ هەزار دیناریان پێ دەدەن، ئەوەش خۆی کارێکی نایاساییه، چونکە مافی کرێکارانی شیرکەتـه کە بارەکان خاڵی بکەن، بەڵام زۆربەی ڕۆژەکان کرێکاران بێ هیچ پارەیەک دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان.

کرێکارانی خەڵکی ئێران بۆ خاڵیکردنی باری کامیۆنێکی گەورە ۷ هەزار تمەن و بۆ ماشینی بچووک ۵ هەزار تمەن وەردەگرن کە ئەوەش مانگانە دەڕژێتە نێو حیسابەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس ۲۰۰ کرێکاری لەو دەروازە سنوورییە زیاد کردووە کە ئێستا سەرجەم ۲ هەزار کرێکار لەوێ هەیه.

 ئەو گومرۆکە داهاتی باشی هەیە بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکی ئاوەدانکردنەوی لێ ناکرێت.