کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنوورەکانی کوردستان بە هێنانی چەکوچۆڵی قورس دەتەنرێت

11:34 - 23 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە هێنانی هێزی نیزامی و چەکوچۆڵی قورس بۆ سنوورەکانی کوردستان هەوڵی کۆنتڕۆڵی زیاتری سنوورەکان دەدات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران هێزێکی نیزامی نوێی بە کەرەستە و چەکوچۆڵی نوێوە هێناوەتە سنوورەکانی نەغەدە و سنوورەکانی ئەو ناوچەیەی بە شێوازێکی بەربڵاوتر تەنیوە.

بە وتەی یەکێک لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ئەم هێزانە لە پارێزگاگەلی "تەورێز" و "ئێسفەهان" و ''هەمەدانـ''ـەوە هاتوون و سنوورەکانیان لەوان وەرگرتووە و بڕیارە سنوور دیاری بکەن و سنوورەکان لە دەست ئەرتەش و سپای پاسداران دەربێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو هێزانە چەکوچۆڵی نیزامیی پێشکەوتوویان پێیە و بۆ خۆشیان هەتا بڵێی ترسنۆکن و تەنانەت تەقە لە سێبەری خۆشیان دەکەن و هەرکەسێک ببینن تەقەی ڕاستەوخۆی لێ دەکەن.

ڕەوتی مێلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی ‌کردنی سنوورەکان دەکەن.

لە دوای جێگیربوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان مێلیتاریزە دەکات.