کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە بۆ سێیەمین کەڕەت لەسەر یەک وەک گرانترین پارێزگای ئێران دیاری کرا

17:25 - 5 رەشەمه 2720

زۆرترین هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی سەرماوەز هەتا مانگی ڕێبەندان، تایبەت بە پارێزگای سنە بووە، کە نێونجیی داهاتی ئەو پارێزگایە نیوەی نێونجیی داهاتی ئێران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ بۆ هەر بنەماڵەیەک لە ئێران ٤٨،٢ لەسەد بووە، بەڵام لە پارێزگای سنە ئەم نرخە لە سەدا ١٠ بەرزتر بووەتەوە و گەیشتووەتە ٥٨،٣ لەسەد،  کە زۆرترین نرخی هەڵاوسانی لەو مانگەدا هەبووە.

پارێزگای سنە لە هەڵاوسانی ساڵانەش دۆخێکی باشی نییە و نرخی هەڵاوسان لەو پارێزگایە هەڵاوسانی نێونجی ئێران زیاترە، نێونجیی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ئێران بە گشتی ٣٤،٢ لەسەد بووە، بەڵام ئەم نرخە لە پارێزگای سنە ٣٥،٧ لە سەد بووە، واتە ١،٥ لەسەد لە نێونجیی ساڵانەی ئێران زیاترە.

زۆرترین هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی لە پارێزگای سنە لە مانگی ڕێبەندان تایبەت بە گرانیی خۆاردەمەنی، خواردنەوە، تووتن ، تەنباکۆ و سیگار بووە، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی گشتیی ئێران لەم گرووپەی خواردن و خواردنەوەدا لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ٦٦،٨ لەسەد بووە، بەڵام لە کوردستان ئەم نرخە ٧٤،٨ لە سەد بووە.

هەروەها نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگەی پارێزگای سنە لە گرووپە خۆراکی، خواردنەوە، تووتن و تەنباکۆ لە مانگی ڕێبەندان ٣٧،٩ لەسەد بووە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە نرخی هەڵاوسانی ئێران ٣٤،٧ لەسەد بووە.