کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە؛ ٢٥ لەسەدی قوتابییانی کچ لە قۆناغی دواناوەندی واز لە خوێندن دێنن

10:06 - 2 بەفرانبار 2721

"مەهدی نامدار"جێگری فێرکاریی دواناوەندیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە سنە وتوویەتی، سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆر دراوە ئەو قوتابییانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە بگەڕێنەوە قوتابخانەکان، بەڵام دیسانیش ٢٥ لەسەدی قوتابییانی کچ لە قۆناغی دواناوەندی واز لە خوێندن دێنن.

"نامدار" وتوویەتی، ئەو قوتابییانە بەهۆی کێشە و گرفتی کولتووریی بنەماڵەکانیانەوە واز لە خوێندن دێنن.

لەوبارەوە "فایەق ڕۆستەمی" پێشنوێژی هەینیی شاری سنە وتوویەتی، لە کاتی گشتگیریی کۆرۆنادا قوتابییان لە بواری کولتوورییەوە زیانیان بەرکەوتووە و بە پشتبەستن بە قورعان و ڕێنماییەکانیەوە دەتوانن کێشە کولتوورییەکانیانی پێ چارەسەر بکەن.

وازهێنانی قوتابییان هۆکارگەلێکی وەک "ئابووری، کولتووری، سیستمی فێرکاری و دۆخی تاکی و کەسێتی" لەخۆ دەگرێت و لە ئێستای بارودۆخی ئێراندا کێشەی ئابووری و بێ هیوایی بۆ دامەزراندن وەک کێشەی سەرەکیی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن دێتە ئەژمار.